دینا دەرزی پەلکەزێڕینەی بڵاوکردەوە

دینا دەرزی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "پەلکەزێڕینە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 29ی ئایاری 2026، دینا دەرزی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "تێکست و میلۆدیی گۆرانییەکە لەلایەن میدیا حوسێن نووسراوە و دروست کراوە، ئاریۆس بە شێوازێکی مۆدێرن و هاوتەریب لەگەڵ هەستی گۆرانییەکە رێکخستنی مۆسیقای بەرهەمەکەی ئەنجامداوە و رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی کەش و هەناسەی گۆرانییەکە".

دینا دەرزی گوتیشی، "لە بەشی ئامێرە مۆسیقاییەکاندا، توانا خورشید بە کەمانچە هەستێکی خەمگین و ناسکی خستووەتە ناو بەرهەمەکە، حەمید پیرەش بە باڵەبان، رەنگ و بۆنێکی رۆژهەڵاتی جوانی داوەتە گۆرانییەکە. هەروەها محەمەد شەهریاری‌ فەر بە گیتار و میر سابونچی بە پەرکەشن، بە شێوازێکی هارمۆنی و وردکارییەکی بەرز، هاوکارییان کردووە بۆ تەواوکردنی وێنەی مۆسیقایی ئەم بەرهەمە".

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "گۆرانیی "پەلکەزێڕینە"، بە کەش و ریتمێکی شاد، هەوڵدەدات هەستی خۆشی و ژیانەوە بگوازێتەوە بۆ گوێگر. ئەم بەرهەمە بە تێکەڵبوونی مۆسیقای رۆژهەڵاتی و شێوازی مۆدێرن، توانراوە کەشێکی گەرم و دڵخۆشکەر دروست بکات کە لەگەڵ هەستی جەژن و شادی هاوتەریب بێت".

دینا دەرزی ئاماژەی بەوەش دا، "گرنگی ئەم گۆرانییە لەوەدایە کە بە ئامێرە مۆسیقاییەکان و رۆحێکی زیندوو و پڕ وزەی داوەتە بەرهەمەکە، بۆیە ئەو گۆرانییە دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو گۆرانییانەی کە گوێگر دووبارە و دووبارە گوێی لێدەگرێت و لە ساتە خۆشەکاندا هاوڕێی دەبێت".

دینا دەرزی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ساڵی 1988 لە رانییە لەدایک بووە. لەساڵی 2017 یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاوکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.