وەزیری تەندروستیی تورکیا بۆ هاووڵاتییان: لە کاتی قوربانیکردن وریا بن

بەهۆی ناشارەزایی لە سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی، هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانی تورکیا بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشەکانی فریاکەوتن کران.

کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماری بریندارانی رۆژی یەکەمی جەژنی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەهۆی ناشارەزایی لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ بە مەبەستی قوربانیکردن 13 هەزار و 513 کەس سەردانی بنکە و دامەزراوە تەندروستییەکانیان کردووە."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان بەهۆی "قەسابی ناشارەزا"وە قەرەباڵغییەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. 

هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد کە لە کاتی ئەنجامدانی قوربانیدا زیاتر وریا بن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.

مەمیشئۆغڵو لە پەیامەکەیدا گوتیشی "هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازم و سوپاسی بێپایانی هەموو ئەو کارمەندە تەندروستییانە دەکەم کە لە پشووی جەژندا بە دڵسۆزییەوە خەریکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانن."

ساڵانە لە تورکیا لە رۆژی جەژنی قورباندا، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان خۆیان هەڵدەستن بە سەربڕینی ئاژەڵەکان بێ ئەوەی شارەزایی تەواویان هەبێت، ژمارەیەکی زۆر بریندار دەبن.