کۆشکی سپی: ترەمپ رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت واژۆ ناکات

بەرپرسێکی کۆشکی سپیی رادەگەیەنێت، ترەمپ تەنیا رێککەوتنێک واژۆ دەکات کە گەرەنتی نەبوونی چەکی ئەتۆمی ئێران بکات و لە بەرژەوەندی واشنتندا بێت.

بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی لەبارەی وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهێنا، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی روونی نەکردەوە کە ئایا ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان" لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، بڕیارێکی داوە یاخود نا. ئاماژەی بەوەش کرد کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و یاریدەدەرانی ترەمپ بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی تێیدا بەشدار بوون.

لای خۆیەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ترەمپ هیچ بڕیارێکی لەبارەی رێککەوتنەکە نەداوە، چونکە هێشتا چەند پرسێک لەژێر گفتوگۆدان، لەوانەش پرسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

هاوکات، بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات مەگەر هەموو مەرجەکانی واشنتن جێبەجێ نەکرێن. ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆتایی هات، سەرۆک ترەمپ هیچ رێککەوتنێک قبووڵ ناکات کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نەبێت و هێڵە سوورەکانی نەپارێزێت، نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی."

پێشتر و لە رۆژی هەینیدا، ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی "بڕیاری کۆتایی" لەسەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران، لە کاتێکدا تاران جەختی لەوە دەکردەوە کە هێشتا "رێککەوتنی کۆتایی" بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەک گفتوگۆی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئارادا نییە.

سەرچاوە میدیاییەکان لە ئەمریکا و ئێران زانیاری جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکیان لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە بڵاوکردووەتەوە کە بە نێوەندگیریی پاکستان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای سێ مانگ لە هەڵگیرسانی ململانێیەک کە ئابووری جیهانی هەژاندووە.

ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" نووسیویەتی: "ئێستا کۆبوونەوەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەبەم بۆ وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی." دەشڵێت: "پێویستە ئێران رەزامەندی بدات کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی. هەروەها دەبێت گەرووی هورمز دەستبەجێ بەبێ هیچ باجێک بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا بکرێتەوە و هەموو مینە دەریاییەکان لاببرێن."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەشتیانەی بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، دەست بە جوڵە دەکەنەوە و گەمارۆکانیش هەڵدەگیرێن. هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ماددە پیتێنراوەکان دەردەهێنێت و لەناوی دەبات، تا کاتێکی نادیاریش هیچ پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت.