گوتەبێژی پارتی: هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەخەینەگەڕ

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەکەی هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هاوکات گەشبینی قووڵی خۆیشی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

شەممە، 30ـی ئایاری 2026، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی زۆر روونە کە تیایدا داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەکردنی کێشەکان دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی پارتی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کردووە و ئێستاش دەرگای ئێمە بە رووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە. جەختی لەوەش کردەوە، کە حزبەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییە.

گوتەبێژی پارتی روونی کردەوە: "ئامانجی سەرەکی ئێمە شکاندنی ئەو بەستەڵەکەیە کە دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم چەقبەستووییە بهێنین کە لە پرسی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هاتووەتە ئاراوە. هەموو هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەخەینەگەڕ."

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، مەحموود محەمەد پشتیوانی حزبەکەی بۆ هەر دەستپێشخەرییەک دەربڕی کە خزمەت بە یەکڕیزی بکات و گوتی: "ئێمە پشتگیریی لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەین و پشتیوانی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە بووین کە هەوڵەکانیان بۆ تێکشکاندنی ئەم بەستەڵەکە خستووەتەگەڕ."

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان پێکەوە کردووەو لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراویش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

لە تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، مەحموود محەمەد گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت."

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لە بەرپرسیارێتیی بەغدا کردەوە و گوتی: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بێتە سەر هێڵ بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەڵێنیان داوە.