سینگچۆل لیم: گەلی کورد ئەزموونیان لە چەندین بارودۆخی سەخت هەیە

کونسوڵی گشتیی کۆریا لە هەولێر رایدەگەیەنێت: کە کورد پێویستی بە پشتبەستن بە کارگەی وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکوو لە رێگەی وەبەرهێنان لە ناوەندەکانی توێژینەوە و زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئابوورییەکەیدا بکات. ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی هەرێم بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندێکی ستراتیژیی ئابووریی هاوشێوەی کۆریای پەسەند کردووە.

سینگچۆل لیم، کونسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، تێڕوانینێکی قووڵ و ئەکادیمیانە لە بارەی کۆمەڵگەی کوردی، لێکچوونە مێژووییەکانی نێوان کورد، کۆریا و ئاسۆکانی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان خستە روو.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە مانەوەی لە کوردستان وای لێکردووە درک بە چوار تایبەتمەندیی سەرەکیی تاکی کورد بکات، کە بریتین لە: "خۆڕاگری، میواندۆستی، هەمەجۆریی هاوسەنگ و زیرەکی."

سینگچۆل لیم ئاماژەی بەوە کرد، کە میواندۆستیی کورد تەنیا بەخشینی خۆراک نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە قوربانیدان و دروستکردنی پەیوەندیی قووڵ.

ئەو باس لە لێکچوونە جیۆپۆلەتیکی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو نەتەوە دەکات و دەڵێت: "هەردوو نەتەوەکەمان بە وڵاتانی بەهێز دەورە دراوین و بە قۆناغی سەختدا تێپەڕیوین، بەڵام گرنگیدان بە خێزان و پەروەردە وایک ردووە بە خۆڕاگری بمێنینەوە."

لە رووی ئابوورییەوە، کونسوڵی گشتیی کۆریا ئاشکرای دە کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا زۆرترین سەرنجی خستووەتە سەر بووژانەوەی ئابووریی کوردستان لەسەر بنەمای ئەزموونی کۆریا. ئەو پێشنیازی دامەزراندنی ناوەندێکی توێژینەوەی ستراتیژی هاوشێوەی KDI لە کۆریا، بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە ئێستا پەسەند کراوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هەرێمی کوردستان تەنیا چاوەڕێی هێنانی کارگەی بیانی بێت، بەڵکوو دەبێت پشت بە هێز و زیرەکیی گەنجەکانی ببەستێت، بە تایبەتی لە بواری "زیرەکیی دەستکر  کە دەتوانێت لە سێ دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاریی ریشەیی لە پێکهاتەی ئابووریی هەرێمدا بکات.

سەبارەت بە پێگەی ئافرەت، دیپلۆماتکارە کۆرییەکە سەرسامیی خۆی بە ئازادی، بوێری و توانای سەرکردایەتیکردنی ئافرەتانی کورد دەربڕی و پێی وایە ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی گەشاوە بێت.

هاوکات ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بوارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی "رووناکی" کە توانیویەتی کارەبا زیاد بکات بەبێ ئەوەی زیان بە ژینگە بگەیەنێت.

سینگچۆل لیم کارەساتی هەڵەبجەی بە کارەساتی 18ـی ئایاری 1980ـی کۆریا چواند و هیوای خواست پەیوەندی لە نێوان هەردوو لا دروست بکرێت، هەروەها بەڵێنی دا لە 10 ساڵی داهاتوودا بگەڕێتەوە کوردستان بۆ بینینی ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە گەنجانی کورد بە دەستی دەهێنن.