عەزیز ئەحمەد: هەزاران خانەنشین ناوی خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار نەکردووە

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی خانەنشینان دەربڕی و ڕایگەیاند، بوونی جێگرەوەیەکی باشتر و شایستەتر بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، وایکردووە بینینی دیمەنی قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان جێگەی داخی زۆر بێت.

عەزیز ئەحمەد لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، لیستی مووچەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350,000 خانەنشین لەخۆدەگرێت. 

روونیشیکردەوە، تا ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستەمی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕاوەستانیان لە سەرە درێژەکاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، هێشتا نزیکەی 50,000 خانەنشین کارتە بانکییە چاپکراوەکانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە تا سیستەمەکەیان بگۆڕدرێت بۆ دیجیتاڵی، هاوکات هەزاران خانەنشینی دیکەش هەن کە هێشتا ناوی خۆیان لە سیستەمی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە.

عەزیز ئەحمەد داواکارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی ئەو خانەنشینانە کرد کە هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بچن لە زووترین کاتدا بیبەنەوە، تاوەکو لە قەرەباڵغی، ماندووبوون و پشێوییەکانی بەردەم بانکەکان بەدوور بن و بتوانن بە شێوازێکی ئاسانتر مووچەکانیان پێبگات. 

هەروەها داوای لە گەنجان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو کرد، هاوکاریی خانەنشینانی تەمەن گەورە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناویان لە "هەژماری من" تا لە خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی دیجیتاڵی سوودمەند ببن.

لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە تیمی "هەژماری من" لە نزیکەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن و گواستنەوەی کۆتایی مووچەکان بۆ سەر سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی.