ترەمپ: هیچ وەڵامێکم لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە راگرتنی گفتوگۆکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوەختە ئاگاداری بڕیارەکەی ئێران نەبووە بۆ راگرتنی دانوستانەکان، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە تاران رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی نامە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رادەگرێت وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" گوتی: "ئەمە شتێکی گونجاوە کە بیڵێن، چونکە ئەوان لە دانوستاندا باشترن وەک لە جەنگکردن، بەڵام ئەوان ئێمەیان ئاگادار نەکردبووەوە."
جەختیشی کردەوە، بڕیارەکەی ئێران بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا بەرەو پەرەسەندنی سەربازی بڕوات و گوتی: "ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەست دەکەین بە بۆردومانکردنی ئەوێ، بەڵکو گەمارۆکە وەک خۆی دەهێڵینەوە".
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، تیمی دانوستانکاری ئێران ئاڵوگۆڕی نامە و پەیامەکانیان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رادەگرن، چونکە بەردەوامیی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان لەگەڵ ئەو مەرجانە ناگونجێت کە پەیوەستن بە ئاگربەستەوە.
هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران تاوتوێی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز دەکات، کە پێش جەنگ نزیکەی پێنجیەکی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، لەگەڵ ئەگەری پەکخستنی رێڕەوە ئاوییەکانی دیکە لەوانە گەرووی بابولموندەب، بە مەبەستی گوشار خستنە سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، ئەم راپۆرتەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زیاتر لە 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوانە دێن، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست ئیسرائیل بەردەوام بوو لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ناو خاکی لوبنان.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە فەرمانی هێرشکردنە سەر زاحیەی باشووری بەیروتی دا.
لە یەکەم کاردانەوەی ئێرانیشدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بەواتای ئاگربەستە لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان."