بن غەفیر: کاتی ئەوە هاتووە بە ترەمپ بڵێین نەخێر
ئییتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە توندی رەخنەی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت سەبارەت بە راگرتنی ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل بەنیاز بوو بیکاتە سەر ناوچەکانی زاحیەی باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان و رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە بە ترەمپ بڵێین نەخێر."
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، ئییتمار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە توندی رەخنەی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت سەبارەت بە بڕیاری راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە ئەو کارە بکەین کە ئەرک و پێویستییە، ئەویش وەشاندنی گورزە لە حزبوڵا و ئازادکردنی دەستی شەڕکەرەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ ناوچەکانی باکوور."
ئەم لێدوانەی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ڕایگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خێراییەکی زۆر بەردەوامن.
ترەمپ لە پەیامێکی دیکەی دا ئاشکرای کرد پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆر بەرهەمدار"ی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە. ترەمپ رایگەیاند: "هیچ هێزێکی سەربازی ناچێتە نێو بەیرووت، و ئەو هێزانەشی کە لە رێگەدابوون، فەرمانی گەڕانەوەیان پێدراوە و گەڕێندراونەتەوە."
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی چەند "نوێنەرێکی پلە باڵاوە" پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان ئەنجامداوە. بەپێی گوتەی ترەمپ، حزبوڵڵا رازی بووە بەوەی کە "هەموو جۆرە تەقەکردن و هێرشێک بوەستێنێت."
بەپێی ئەم تێگەیشتنە نوێیەی کە ئیدارەی ترەمپ دەستی خستووە، رێککەوتنەکە بەم شێوەیە دەبێت: "ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر حزبوڵڵا، و ئەوانیش هیچ جۆرە هێرشێک ناکەنە سەر ئیسرائیل."
ئەم پەرەسەندنە چاوەڕواننەکراوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە باشووری لوبنان و بەیرووت گەیشتبوونە لوتکە و مەترسیی داگیرکردنی پایتەختی لوبنان لە ئارادابوو، بەڵام دەستێوەردانی راستەوخۆی ترەمپ ئاڕاستەی رووداوەکانی گۆڕی بەرەو ئاگربەستێکی گشتگیر.
دۆناڵد ترەمپ بەر لە بڵاو کردنەوەی پەیامەکانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (CNBC) ڕایگەیاند، نیگەران نییە لەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ئێران دانوستانەکان ڕابگرێت و گەرووی هورمز بە تەواوی دابخات. سەرەڕای ئەوەی ئەم هەواڵانە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ترەمپ گوتی: "من نیگەران نیم، نرخی نەوت لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا وەک بەردێک کە لە بەرزاییەوە فڕێ بدرێت، بە خێرایی دادەبەزێت."
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، کە هەندێک لە ڕاپۆرتەکان دەڵێن ڕەنگە ببێتە هۆی تێکدانی پڕۆسەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ دەکات. ترەمپ گوتی: "لە ناتانیاهۆ دەپرسم کە لە لوبنان چی دەگوزەرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بە پڕۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران نیشاندا و ڕایگەیاند، هیچ خەمێکی نییە ئەگەر دانوستانەکان بە ئەنجام نەگەن، "بە ڕاستی بۆم گرنگ نییە ئەگەر دانوستانەکان کۆتایییان بێت، بە ڕاشکاوی دەیڵێم، من زۆر کەم بایەخی پێ دەدەم."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."
هەروەها بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشانە، هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و شارۆچکە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان واتە ئەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیریکردوون و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەوێ نیشتەجێکردووە، ئەگەر ناتانەوێت زیانتان پێ بگات، پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکەن.