سەرکردەکەی حزبوڵڵای عێراق لە ئەمریکا دادگایی کرا
ساعدی لەبەردەم دادوەر: من تاوانبار نیم، منداڵان بە مووشەکی ئێوە دەکوژرێن
محەمەد باقر ساعدی، سەرکردە لە گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بێتاوانی خۆی لەو تۆمەتانە راگەیاند، کە ئاڕاستەی کراون سەبارەت بە پلانداڕشتن و تێوەگلان لە ئەنجامدانی هێرش لە ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا.
لە دانیشتنێکی دادگای فیدراڵیی مانهاتندا، ئەندرۆ دالاک، پارێزەری ساعدی، بەناوی بریکارەکەیەوە رەتکردنەوەی هەشت تۆمەتی جۆراوجۆری پێشکەش بە دادگا کرد، کە دیارترینیان بریتییە لە "پیلانگێڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ماددی بە کەتائیبی حزبوڵڵا"، ئەو گرووپە چەکدارەی لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندایە.
ساعدی لە رێگەی وەرگێڕێکەوە لەبەردەم دادوەردا رایگەیاند "من تاوانبار نیم و ئێمە لە دۆخی جەنگداین"، هەروەها بە ئاماژەی دەست بەرەو ئەو شوێنەی کە دادوەری فیدراڵی، کۆلین ماکماهۆن و داواکارانی گشتیی لێ دانیشتبوون، گوتی "منداڵان بە مووشەکەکانی ئێوە دەکوژرێن".
بەپێی زانیارییەکان، ساعدی بە جلی بەندینخانەوە و بە قاچی بەستراوەوە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بووە، لە کاتی قسەکردنیدا، دادوەر ماکماهۆن بە دەنگێکی بەرز فەرمانی پێکرد دابنیشێت و پاش نزیکبوونەوەی دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی، ساعدی ناچار بوو لەسەر کورسییەکەی دابنیشێتەوە.
وەزارەتی داد و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایانگەیاندبوو، ساعدی تەمەن 32 ساڵ، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا بە تۆمەتی پلانداڕشتن بۆ هێرشکردنە سەر چەندین شوێن لە ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا لەوانەش بنکە و ناوەندی جووەکان دەستگیرکراوە و رادەستی ئەمریکا کراوەتەوە، هەرچەندە لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا شوێن و کاتی دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ساعدی لە وڵاتی تورکیا دەستگیرکراوە.
کاش باتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لەو بارەیەوە رایگەیاند "ساعدی ئامانجێکی گرنگ و مەترسیدار بوو، کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی چەندین کاری تیرۆریستیی بەکۆمەڵ لەسەر ئاستی جیهان."