مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە تۆم بەڕاک دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە دەستنیشانکردنی نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کرد و جەختی لە خواستەکانی هەولێر کردەوە بۆ برەودان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ واشنتن.

سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە تۆم بەڕاک دەکەم بە بۆنەی دەستنیشانکردنی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا."

لە درێژەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی دووقۆڵی داوە و رایگەیاندووە: "هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لەم ئەرکەدا و، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی کارکردنی نزیکم لەگەڵتان، لەپێناو زیاتر بەهێزکردنی ئەو هاوبەشییە لەمێژینەیەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە."

ئەم پەیامەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە هەولێر و واشنتن خاوەنی پەیوەندییەکی دێرین و ستراتیژین و، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان دەکاتەوە، بە تایبەت لە پرسە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی تایبەت بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاندبوو، تۆم بەڕاک کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا پێسپێردراوە.

بە پێی بڕیارەکەی ترەمپ، تۆم بەڕاک لە پۆستەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە دەمێنێتەوە، بەڵام هاوکات بە پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سەرپەرشتی دۆسیە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.