ناتانیاهۆ سەرۆکی نوێی مۆسادی دەستنیشان کرد
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە فەرمی "رۆمان گۆفمان"ـی وەک 14ـەیەمین سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی (مۆساد) دەستنیشان کرد. ناتانیاهۆ لە کاتی رێوڕەسمەکەدا جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی مۆساد لە قۆناغی داهاتوودا رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند کە دەبێت ئەم دەسەڵاتە لە جیهاندا نەمێنێت و "ئێمە یارمەتی دەدەین تا زووتر بگات بەو چارەنووسە."
سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارەکەیدا ستایشی لێهاتووییەکانی گۆفمانی کرد کاتێک سکرتێری سەربازیی بووە گوتی، "تۆ خاوەن توانایەکی سەرسوڕهێنەری لە فێربوون و تیژبینی لە بیرکردنەوەدا. خاوەنی تێڕوانینێکی گشتگیری بۆ گۆڕەپانی جەنگ و هاوکات وردەکارییەکانیشت لەبەرچاوە."
ناتانیاهۆ لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەرکی نوێی مۆسادی بەرانبەر بە ئێران دیاری کرد و رایگەیاند: "مۆساد لە ریزی پێشەوەی ململانێکانمان دژ بە هێرشەکانی ئێران دەمێنێتەوە. ئێمە رێگە نادەین ئێران کات بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ رێگە نادەین هەڕەشە لە بوونی ئێمە بکەن."
گوتیشی: " دەسەڵاتی ئێران چارەنووسی ئەوەیە لە جیهان ون ببێت، ئێمەش یارمەتی دەدەین تا بگات بەو ئامانجە. چیتر رێگە نادەین بە بۆمبی ئەتۆمی و هەزاران مووشەکی بالیستی کوشندە هەڕەشەمان لێ بکەن." لە کۆتاییدا رووی دەمی کردە گۆفمان و گوتی: "ئەمە فەرمانی منە و ئەمە ئەرکی تۆیە!"
ئەم گۆڕانکارییە لە سەرکردایەتی مۆساد لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاڵۆزییەکی بێوێنەدایە و ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە رێگەی هەواڵگری و سەربازییەوە هەژموونی تاران لە ناوچەکەدا تێکبشکێنێت.
رۆمان گۆفمان کێیە؟
رۆمان گۆفمان لە ساڵی 1976 لە وڵاتی بێلاڕووس لەدایکبووە. لە ساڵی 1990 و لە تەمەنی 14 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل و لە شاری ئەشدۆد نیشتەجێ بوون.
:پلەکەی "عەمید" (Brigadier General)ە لە سوپای ئیسرائیل. ئەو یەکەم سەرۆکی مۆسادە کە لە دایکبووی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بێت.
گۆفمان ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد کاتێک لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەبێ ئەوەی فەرمانی پێبکرێت، تەنیا بە دەمانچەکەی دەستیەوە چوو بۆ شەڕی چەکدارانی حەماس لە شاری "سدیرۆت" و لەوێ بە سەختی بریندار بوو. ئەو یەکێک بوو لە بەرزترین پلەدارەکانی سوپا کە لە مەیدانی جەنگدا رووبەڕوو شەڕی کردبێت.
پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی مۆساد، سکرتێری سەربازیی بنیامین ناتانیاهۆ بووە. هەروەها فەرماندەی فیرقەی "باشان" بووە لەسەر سنووری سووریا، کە ناوچەیەکی زۆر هەستیارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێران.
بەوە ناسراوە کە فەرماندەیەکی "هێرشبەر" و "داهێنەرە". دروشمە بەناوبانگەکەی کە ئاراستەی فەرماندە باڵاکانی ئیسرائیلی کردبوو ئەوە بوو:"رێگەمان بدەن سەربکەوین، بماننێرنە مەیدانەکە!"کە نەتانیاهۆش لە گوتارەکەیدا ئاماژەی پێ کرد.