وردەکاریی رێورەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی راگەیەندرا

شارەوانیی تاران بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەکاریی کردووە.

محەمەد ئەمین تەوەکۆلی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی تاران، وردەکاریی پلانەکانی حکومەتی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئەم وڵاتە راگەیاند.

بە گوتەی جێگری شارەوانی تاران، مەراسیمی ماڵئاوایی جەماوەری بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ناوبراو لە هەریەکە لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەبچێت.

تەوەکۆلی زادە ئاماژەی بەوەش کرد، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە لە شاری تاران لانیکەم 24 کاتژمێر دەخایەنێت. دواتر تەرمەکە دەگوازرێتەوە بۆ شارەکانی قوم و مەشهەد. هەروەها وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پایتەخت خەریکی ئامادەکارین بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان کە مەزندە دەکرێت ژمارەیان لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن کەس بێت.

عەلی خامنەیی لە بەرەبەیانی ڕۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ و لە یەکەم هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی کوژرا و زیاتر لە سێ مانگە تەرمەکەی بە خاک نەسپێردراوە.