حزبوڵڵای لوبنان بۆ کوردستان24: بەردەوام دەبین لە بۆردوومانکردنی ئیسرائیل

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رەخنە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی دەگرێت و مەرجەکانی بۆ راگرتنی شەڕ و هێرشەکان دەخاتە روو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی حوزەیرانی 2026، مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هاوکێشەی زاحیە بەرانبەر باکوور بە تەواوی رەتدەکەنەوە.

مەحموود قەماتی ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە کاتێکدا رازی دەبن بە راگرتنی شەڕ، ئەگەر ئاگربەستەکە گشتگیر و راستی بێت. ئەوەشی خستە روو، ئەم هەڵوێستەیان گەیاندووەتە نەبیهـ بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆش بە میشێل عەون، سەرۆکی وڵات.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵا روونیشی کردەوە، نەبیهـ بەڕی بەڵێنی داوە کە ئەگەر ئاگربەستەکە گشتگیر و بێ مەرج بێت، حزبوڵڵاش پابەندی دەبێت، بەڵام تا ئەو کاتەی دوژمن بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە بۆردومانکردن.

مەحموود قەماتی ئەوەشی خستە روو، دان بە هیچ هێڵێکی جیاکەرەوەدا نانێن و دەبێت خاکەکەیان رزگار بکرێت. روونیشی کردەوە، لە بەرانبەر هەر هێرشێک بۆ سەر زاحیە، بە بۆردومانکردنی ناوچەگەلێکی قووڵتر لە نیشتەجێبووەکانی باکووری ئیسرائیل وەڵام دەدەنەوە. 

هۆشداریشی دا، بۆردوومانکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و هەر ئەمڕۆ بەیانیش چەند کۆمەڵگەیەکیان کردووەتە ئامانج.

مەحموود قەماتی رەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سیاسیی ئێستای لوبنان گرت و رایگەیاند، ئەو رێڕەوەی سەرۆکی وڵات گرتوویەتیەبەر ناگاتە هیچ ئەنجامێک، چونکە ئەوان هیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نییە، نە بەسەر ئیسرائیل و نە بەسەر ئەمریکادا. 

ئاماژەی بەوەش دا، دەسەڵاتی ئێستا تەنیا وەک پەردەیەک بەکاردێت بۆ شاردنەوەی راستییەکان، لە کاتێکدا گوشاری راستی لە لایەن هێزەکانی بەرگری و ئێرانەوە دروست دەکرێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵا سوپاسی ئێران و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژاوایی کرد بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر ئیسرائیل بە مەبەستی راگرتنی شەڕ. ئاشکراشی کرد، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری مێژوویی سوور و شاری نەبتیە لە باشووری لوبنان، ئەوان قەبارەی بۆردومانەکانیان چڕتر کردووەتەوە و هێرشەکانیان گەیاندووەتە شاری حەیفا.

دوێنێ دووشەممە، 01ـی حوزەیرانی 2026، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد

چەند کاتژمێرێک دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی گشتگیری لە لوبنان لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل راگەیاند؛ بەڵام بۆردوومانی دوولایەنە تا ئێستاش بەردەوامە.