هۆشداری بە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان دەدرێت

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو خاوەن مۆلیدە ئەهلییانەی کە پارەی زیاتریان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و رایدەگەیەنێت، هەر خاوەن مۆلیدەیەک لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی مۆلیدەکەی دانەگیرسێنێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، خۆران تەحسین ، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان کرد و تێیدا هاتووە "ئەو خاوەن مۆلیدانەی کە پارەی 300 کاتژمێر کارکردنیان لە هاووڵاتییان کۆکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕە کاتژمێرەیان کار پێنەکردووە، بە قەرزاری هاووڵاتییان هەژمار دەکرێن."

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە پێویستە ئەو خاوەن مۆلیدانە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی، بەبێ دواکەوتن مۆلیدەکانیان دابگیرسێنن بۆ ئەوەی ئەو کاتژمێرانەی کە قەرزاری هاووڵاتییانن، پڕی بکەنەوە.

قایمقامیەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەکانی قایمقامیەت بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەر خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچی بکات و کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین نەکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای توند دەکرێتەوە.