سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەیەک و کەشتییەکی ئەمریکا
سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی دەریایی و ئاسمانی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکی بازرگانی، ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە دێت کە لە لایەن واشنتنەوە کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەتای گرژییەکان لە درەنگانی شەوی رابردووەوە دەستی پێکردووە. لەو کاتەدا سوپای ئەمریکا بە مووشەکێکی ئاسمانی، کەشتییەکی نەوتی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیان بە ژووری بزووێنەری کەشتییەکە گەیشتووە.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە وەڵامی ئەمەدا، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دەریایی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی (بانایا) کە بە ئیسرائیلی-ئەمریکی ناسێنراوە، ئەمەش بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.
هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی دیکەدا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی ئەوانی لە باشووری دوورگەی "قشم" کردووەتە ئامانج، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، ئەم هێرشە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئامادەکراوی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، هاوکات بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی گەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکاش کراوەتە ئامانج.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، پێشتر هۆشدارییان دابوو وەڵامەکانیان توندتر دەبێت و هێرشەکانی ئەمڕۆش سەلمێنەری ئەو بەڵێنەن، هەروەها پەیامێکی توندی ئاڕاستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە "تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز، باجێکی یەکجار قورس بۆ سوپای ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت."