دۆناڵد ترەمپ پەیامێک ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ئاندی بێرنهام، ئەرکێکی گەورەی لە پێشە، بەڵام توانای کردنی هەیە، هەروەها بەڵێنی دا ئەمریکا هاوکاری پێویست پێشکەش بە بەریتانیا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا کە لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەختێکی باش و سەرکەوتن بۆ بێرنهام دەخوازم، ئەم پەیامەی ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، کە تەنیا کاتژمێرێک دوای گەیشتنی بێرنهام بۆ بارەگای حکوومەتی بەریتانیا (داونینگ ستریت) کرابوو.
ترەمپ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە گوتی "گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ئاندی بێرنهام هەبوو، تاوتوێی چەندین بابەتمان کردووە، لەوانەش پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان."
هەروەها نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بێرنهام بە ترەمپی راگەیاندووە لەندەن پابەند دەبێت بە بەرگری و ئاسایش، هەروەها پشتیوانی لە دووبارە کردنەوەی بەسەلامەتیی گەرووی هورمز دەکات کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە داخراوە.
ئەم هەنگاوەش دوای تێکچوون و گرژییەکانی نێوان ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی پێشوو کییەر ستارمەر دێت، پێشتر ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، بێرنهام کەسێکی لیبراڵی توندڕەوە و رەنگە رێگە نەدات بە بەردەوامبوونی هەڵکەندنی نەوت لە دەریای باکوور، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییە نوێیەکە ئاماژەیە بۆ دەستپێکی زەمینەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان.
شا چارڵزی سێیەم، شای بەریتانیا، ئاندی بێرنهام، سەرۆکی نوێی پارتی کرێکاران، بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکە راسپارد، ئەمەش دوای ئەوەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەستی لە کار کێشایەوە.