مەحموود محەممەد: پێویستە هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی چڕبکەنەوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەم قۆناخەدا بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنەکانە کە پێکەوە کار بۆ شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووە بکەن کە بەرۆکی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی گرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەموو هەنگاوەکان بەرەو ئەوە بن کە بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەرکە یاسایی و نیشتمانییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

مەحموود محەممەد جەختی لەوەش کردەوە، لە هەر هەنگاوێکی سیاسی و کارگێڕیدا دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت، چونکە خەڵک سەرچاوەی سەرەکیی شەرعییەتن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بە پێویستیی یەکڕیزی کرد و گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان بەیەکەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، تاوەکو بتوانین بەرەو قۆناغێکی جێگیرتر هەنگاو بنێین."