خێرا بونیاتنانەوەی بنکە سەربازییەکانی ئێران، ئیسرائیلی نیگەران کردووە
"هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل نەیانتوانیوە ژێرخانی مووشەکیی ئێران پەکبخەن"
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکات، کە توانای ئێران لە بونیادنانەوەی خێرای ئەو بنکە سەربازییانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کرانە ئامانج، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان و نیگەرانی کردووە. وێنە مانگە دەستکردەکان و گەواهیی بەرپرسانی تەلئەڤیڤ ئاماژە بەوە دەدەن، تاران بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو خەریکی سڕینەوەی شوێنەواری هێرشەکان و کارپێکردنەوەی دامەزراوەکانیەتی.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە وێنە نوێکانی مانگە دەستکردەکان و لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل دەریدەخەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەنگاوی خێرا سەرقاڵی دووبارە بونیاتنانەوەی ئەو پێگە سەربازییانەیە کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەدا بۆردومان کرابوون.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلییەوە رایگەیاندووە، کە ئێران تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا توانیویەتی پردێکی ستراتیژی چاک بکاتەوە کە پێشتر لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بە سێ بۆمبی ورد و قورس پێکرابوون.
ئەم خێراییە لە نۆژەنکردنەوەدا گومانی لای بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دروست کردووە سەبارەت بە کاریگەریی راستەقینەی ئەو گورزە سەربازییانەی کە ئاراستەی تاران کراون.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە جۆرێک لە ناڕەزایەتی لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا سەری هەڵداوە سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵمەتی بۆردومانەکە. بەشێک لە بەرپرسان پێیان وایە کە تەرخانکردنی زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بووەتە هۆی ئەوەی گورزی کوشندە و بەرفراوان بەر ژێرخانی سەربازی و کارگەکانی چەک و مووشەک نەکەوێت.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران توانای بونیاتنانەوەی زۆربەی دامەزراوە سەربازییەکانی هەیە، لەوانەش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی مووشەک، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تاران خاوەنی شارەزاییەکی تەکنیکی و بنکەیەکی زانستیی بەهێزە لەو بوارەدا کە بە بۆردومان لەناو ناچێت.
سەبارەت بە بنکە مووشەکییەکان کە لە ناو چیاکاندایە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا تەنیا توانیویانە دەروازەی ئەو بنکە پارێزراوانە تێکبدەن، بەڵام نەتوانراوە بەشە ناوەکییەکان و کۆگاکانی چەک لەناو ببرێن.
بە پێی راپۆرتەکە، ئێستا تیمی ئەندازیاریی ئێران کار لەسەر دەرهێنان و دووبارە کارپێکردنەوەی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە دەکەن کە لەناو چیاکاندا ماونەتەوە.