ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە
"ئامانجمان کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان"
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازیی ئێران دەستپێکردووە. دەشڵێت: ئەم هێرشانە پەیامێکی روونن بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی کەشتییە بازرگانییەکان دەبنەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا، ئاشکرای کرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمە 13یەمین شەوی لەسە ریەکە هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران ئەنجام دەدەن.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە بریتییە لە ناچارکردنی ئێران بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەم دواییە و هەروەها کەمکردنەوە و پەکخستنی ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن "سوپای پاسداران"ـەوە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان و رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە دەکرێن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی و رێگریگرتن لە هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی بازرگانیی جیهانی لە ناوچەکەدا و، هێرشەکانیش تا بەدیهاتنی تەواوەتیی ئامانجەکان بەردەوام دەبن.