حزبوڵڵا: هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل
ترەمپ: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توندم لەگەڵ ناتانیاهۆ هەبوو؛ بێزارم لە بەردەوامیی جەنگ
لە کاتێکدا حزبوڵڵای لوبنان هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل، گەڕی پێنجەمی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان بەیرووت و تەلئەڤیڤ لە واشنتن دەستیپێکرد. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "توند"ی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەبووە و نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی جەنگی لوبنان دەربڕیوە.
چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، حزبوڵڵای لوبنان بەرپرسیارێتی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل گرتە ئەستۆ. حزبوڵڵا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشە "وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەست" و تێیدا کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە کە ئەگەر حزبوڵڵا بەردەوام بێت لە هاویشتنی مووشەک، ئەوا سوپاکەیان باشووری بەیرووت بۆردوومان دەکاتەوە، و جەختیان کردەوە، ئەم هەڵوێستەیان پاڵپشتی واشنتنی لە پشتە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە مەیدانییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لە گەڕی چوارەمی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەدەستهاتووە. تۆمی بیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئاشکرای کرد، دانوستانەکان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئەمنی بەردەوامن و ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.
بیگۆت گوتی: "لایەنەکان توانییان بەسەر شکستی دوو دەیەی رابردوودا سەربکەون و ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکان دەستپێدەکات."
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توندی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ ئەنجامداوە. ترەمپ گوتی: "من تووڕە نەبووم، بەڵکوو بێزار بووم لەوەی جەنگ لەگەڵ لوبنان بەردەوامە." سەرەڕای ئەوەی جەختی کردەوە پەیوەندییەکی کەسیی زۆر باشی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەیە، بەڵام فشارەکانی بۆ خێراکردنی ئاگربەست چڕ کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیش بە کەناڵی سکای نیووزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی لوبنان ئامادەیی نیشانداوە بۆ راگەیاندنی "نیازپاکی" لەگەڵ ئیسرائیل بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، و واشنتنیش رۆڵێکی سەرەکی لە لابردنی بەربەستەکان لەبەردەم ئەم ڕێککەوتنەدا دەگێڕێت.
هەرچەندە رێککەوتنی ئاگربەست لە 17ـی نیسانەوە واژۆ کراوە و تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووز درێژکراوەتەوە، بەڵام پێکدادانەکان لەسەر زەوی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوامن.