دەم پارتی: دەبێت یاسایەک بۆ چەکدانان دەربچێت

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی چوارچێوەیی بۆ ئەو کەسانە دەربکات کە چەک دادەنێن، تاوەکو شێوازی گەڕانەوەیان بۆ نێو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جۆری مامەڵەی یاسایی لەگەڵیاندا روون بێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دوای راپۆرتی کۆمسیۆن دەبوایە یاساکە دەربچوایە، بەڵام کاتێکی زۆر بە فیڕۆ دراوە و پێویستە پەرلەمان لە وەرزی هاوینیشدا کار لەسەر ئەم پرسە بکات.

گوڵستان کڵچ گوتی"دەبێت پەرلەمان یاسایەک دابڕێژێت کە تێیدا دیار بێت ئەو کەسانەی چەک دادەنێن چۆن دەتوانن بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکەن و نێزیکایەتیی یاسایی بەرانبەریان چۆن دەبێت."

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، رۆژی 11ی تەممووز ساڵێک بەسەر چەکدانانی 30 ئەندامی پەکەکەدا تێدەپەڕێت کە تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەیاساکان، ئاشکرای کرد کە ئاکپارتی تا ئێستا هیچ رەشنووسێکی پێشکەش نەکردوون، بەڵام دەم پارتی خاوەنی رەشنووسێکی ئامادەکراوە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشدا ئەو بابەتە وتوێژی لەسەر کراوە.

هاوکات بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە لە 9 خاڵ، کە تایبەت دەبێت بە دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.