ناتانیاهۆ: ئێران لە لاوازترین دۆخ دایە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ زۆر "بەهێز و جێگیرن" و هەردوولا لەسەر ئامانجە سەرەکییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران هاوڕان. جەختی کردەوە ئێستا ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە و "درز کەوتووەتە ناو دەسەڵاتەکە"، هاوکات داوای کرد حزبوڵڵای لوبنان بە تەواوی چەک بکرێت.

چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و "پێویستە هەموو ماددە ئەتۆمییەکان لە نێو ئێران دەربهێنرێن و ژێرخانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە."

ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، زۆرینەی گەلی ئێران ئازادی و دیموکراسییان دەوێت و خوازیاری پەیوەندییەکی باشن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووخانی دەسەڵاتی ئێرانی بە رووخانی "دیواری بەرلین" و رژێمی پێشووی "رۆمانیا" چواند و گوتی گۆڕانکارییە گەورەکان کتوپڕ و کاتێک روودەدەن کە کەس پێشبینییان ناکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوای وایە لە رێگەی "فشاری دیپلۆماسی و دانوستانە سەختەکانەوە" دەتوانرێت ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنرێن.

ناتانیاهۆ پێی وایە ئێران لە قەیرانێکی قووڵدایە و گوتی: "ئێمە درز و کەلێن دەبینین کە لە ناو ئێراندایە. ئیسرائیل هەرگیز هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە و ئێرانیش هەرگیز هێندەی ئێستا لاواز نەبووە."

سەبارەت بە لوبنان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حزبوڵڵای بەوە تۆمەتبار کرد، گەلی لوبنانی بە بارمتە گرتووە و وڵاتەکەی وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنێت؛ گوتیشی: "ئەگەر دەمانەوێت لوبنان رزگار بکەین و بگەینە ئاشتی، دەبێت حزبوڵڵا چەک بکرێت و لوبنان خاڵی بکرێتەوە لە هێزی سەربازیی ئەو گرووپە." ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئەمە ئامانجێکی دیکەی  هاوبەشی ئەو  و سەرۆکی ئەمریکایە."

ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل لەلایەن حزبوڵڵاوە بەردەوام بن، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانە ورد و ئامانجدارەکانی بۆ سەر سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە نێو بەیرووتدا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپدا روویداوە، ناتانیاهۆ گوتی: "نەخێر، پەیوەندیی ئێمە زۆر باشە. ترەمپ گەورەترین دۆستی ئیسرائیل بووە کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی بووبێت. ئێمە رێز لە یەکتر دەگرین و هەمیشە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانمان دەدۆزینەوە."؛ ئاشکراشی کرد، تێکڕا "دوو رۆژ جارێک" لەگەڵ ترەمپ قسە دەکەن و هەرچەندە هەندێک جار "جیاوازیی تاکتیکییان" هەیە، بەڵام لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکان بە تەواوی هاوڕان.

سەبارەت بە ئامانجە هاوبەشەکان، ناتانیاهۆ گوتی: "ئێمە هەردووکمان دەمانەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆتایی پێ بهێنین و دڵنیا بین کە تاران نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ فراوانکردنی "رێککەوتنی ئیبراهیم" و بازنەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توندی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ ئەنجامداوە. ترەمپ گوتی: "من تووڕە نەبووم، بەڵکوو بێزار بووم لەوەی جەنگ لەگەڵ لوبنان بەردەوامە." سەرەڕای ئەوەی جەختی کردەوە پەیوەندییەکی کەسیی زۆر باشی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەیە، بەڵام فشارەکانی بۆ خێراکردنی ئاگربەست چڕ کردووەتەوە.

ناتانیاهۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرەین، ڕایگەیاند: "ئێران بە باشی دەزانێت کە ترەمپ چی گوتووە؛ ئەگەر پێویست بکات گەڕانەوەیەکی گشتگیر بۆ کردەوەی سەربازی دەبێت." ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودان و "ئێران یاری بە ئاگر دەکات."

یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی قسەکانی ناتانیاهۆ، هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی جۆری پەیوەندییە داراییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن و گوتی: "ئێمە کار لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن دەکەین بۆ ئەوەی لە هاوکارییە دارایی، ئابووری و تەنانەت سەربازییەکانیشەوە بەرەو 'هاوبەشی' بڕۆین."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕەخنەی توندی لە میدیا جیهانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی کە ڕاستییەکان دەشێوێنن؛ باسی لەوەش کرد، "دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا دەبێت بڕیار بدەن؛ ئایا دەیانەوێت پارێزبەندی بدەن بە تیرۆریستان؟" ئاماژەی بەوە کرد کە گرووپە چەکدارەکان لە ناو نەخۆشخانە، قوتابخانە و گەڕەکە مەدەنییەکان خۆیان دەشارنەوە تاوەکو پارێزبەندییان هەبێت و ئیسرائیل ڕووبەڕووی تۆمەتی "کۆمەڵکوژی" ببێتەوە.

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا زیان بە مەدەنییەکان نەگات، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی کە نابێت ڕێگە بدرێت "درۆ و چەواشەکارییەکان" ڕێگری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرن.