چەکی سەرایا سەلام دەدرێتە سوپای عێراق
هێزەکانی سەرایا سەلام، وەک یەکەم گرووپی حەشدی شەعبی چەکەکانیان رادەستی حکوومەت دەکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سەرایا سەلام لە سامەڕا، وەک یەکەم گرووپی حەشدی شەعبی چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەک و تەقەمەنییەکانی سەرایا سەلام رادەستی پۆلیسی فیدراڵی یان سوپای عێراق دەکرێنەوە.
ئەم هێزە لە سێ یەکە و چوار هێزی گەورە پێکدێت و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار چەکداریان هەبێت. هاوکات ماوەیەک پێش ئێستا رایانگەیاند، ئامادەن چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، لە دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر شوێنە ئایینییەکان لە سنووری سامەڕا، چەکدارانی سەرایا سەلام باڵادەستییان لە ناوچەکەدا هەبووە.
جگە لە سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق لە چەند رۆژی رابردوودا رایانگەیاند، ئامادەن چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن.
هەرچەندە هەندێک هێز رەتیان کردووەتەوە بەدەم داواکارییەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بچن. لەوانەش کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا سەربە ئەبو ئالائی وەلائی، بزووتنەوەی نوجەبا سەربە ئەکرەم کەعبی، حیزبوڵڵای عێراقی و چەندین هێزی دیکە.