شارەوانی ئاکرێ ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی زەوی دەکات
شارەوانی ئاکرێ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە چڕتر دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە هاوتەریب لەگەڵ دابەشکردنی زەوییە نوێیەکان، کار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و تاپۆکردنی زەوییەکانی پێشووش دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، بڵند رەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، تا ئێستا سێ هەزار و 500 پارچە زەوی لە چەند شوێنێکی جیاواز دابەشکراون."
سەبارەت بە قۆناخەکانی کارکردن لەسەر ئەو زەوییانە، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت؛ لە قۆناخی یەکەمدا رێگاکان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران شوێنی زەوییەکانیان بزانن، لە قۆناخی دووەمیشدا خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا دابین دەکرێن. بڵند رەزا وتیشی: "کردنەوەی ئەم رێگایانە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەو زەوییە کۆنانەشی کە لە ساڵانی 2009 و 2010 دابەشکرابوون و تا ئێستا کێشەی رێگایان هەبوو."
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو فەرمانبەرانە هەیە کە چاوەڕێی تاپۆکردنی زەوییەکانیانن. سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 500 پارچە زەوی تاپۆ کراون و لە ئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکانن بۆ تاپۆکردنی هەزار پارچە زەوی دیکە لەسەر فەرمانبەران.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بڵند رەزا دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی سنوورەکە و گوتی: "پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یەک فەرمانبەری شایستە بمێنێت کە سوودمەند نەبووبێت."
بەپێی ئامارەکان، دوای دابەشکردنی سێ هەزار و 500 پارچە زەوی، بڕیارە لە قۆناخەکانی داهاتوودا پێنج هەزار پارچە زەوی دیکەش لە سنووری قەزای ئاکرێ بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن.