نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا دۆخی سیاسی و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری، دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی دیالۆگی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ کران.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی هاوکارییە دوولایەنەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان. هاوکات، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا دیالۆگ و لێکگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە پێویست زانی.

هەروەها باس لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.