لە کەرکووک رۆژانە تەنیا شەش کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە
رۆژ دوای رۆژ رەوشی کارەبای نیشتمانی لە کەرکووک بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی وزە زیاتر پشت بە موەلیدە ئەهلییەکان ببەستن؛ خاوەن موەلیدەکانیش گلەیی لە کەمبوونەوەی پشکی گازیان دەکەن و رایدەگەیەنن، ئەو بڕە گازی پێیان دەدرێت بەشی کارکردنیان ناکات.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر وزە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە. بۆ بەدواداچوونی رەوشی کارەبا، چەند خاوەن موەلیدەیەک بە کوردستان24یان راگەیاند، رۆژانە 18 کاتژمێر کارەبای موەلیدە بە هاووڵاتییان دەدەن، چونکە کارەبای نیشتمانی تەنیا 6 کاتژمێر هەیە.
ئەو خاوەن موەلیدانە ئاماژە بەوە دەکەن، ئیدارەی شارەکە تەنیا 45%ی گازی پێویست بۆ موەلیدەکانیان دابین دەکات، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون و ناچارن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پەنا بۆ بازاڕی رەش ببەن. هاوکات خاوەن موەلیدەکان دان بەوەشدا دەنێن کە ڤۆڵتییەی کارەبای موەلیدەکان وەک پێویست نییە و کەمە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە 400 موەلیدە لە کەرکووک هەن. مانگی رابردوو هەر لیترێک گاز بە 200 دینار بە خاوەن موەلیدەکان دراوە، بەڵام بەهۆی زۆری کاتژمێرەکانی بڕانی کارەبای نیشتمانی، ئەو بڕە گازە بەشی کارکردنی موەلیدەکان ناکات.
کێشەی کارەبا تاکە کێشەی کەرکووک نییە، بەڵکو شاری کەرکووک لەڕووی خزمەتگوزارییەوە هەمیشە کێشەی هەبووە و حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراقیش تا ئێستا نەیانتوانیوە کێشە و قەیرانەکانی ئەو شارە چارەسەر بکەن.