ئوردن تێکشکاندنی 3 مووشەکی ئێرانی راگەیاند
پێگەی فەرمیی مەملەکەی ئوردنی رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە سێ مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزە چەکدارەکانی ئوردن، ئەو سێ مووشەکە دوای ئەوەی چوونەتە ناو مەودای ئاسمانیی ئوردن و خاکی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج، لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانەوە رێگرییان لێ کراوە و لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەی تێکشکاندنی مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی یان ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی فەرماندەیی ئەندازیاریی شاهانە گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەی پاشماوەی مووشەکەکانی لێ کەوتووەتە خوارەوە، تاوەکو بەپێی رێکارە تەکنیکی و ئەمنییەکان مامەڵە لەگەڵ پارچەکاندا بکەن و ناوچەکە لە هەر مەترسییەک پاک بکەنەوە.
هێزە چەکدارەکانی ئوردن جەختیان کردووەتەوە، بەردەوامن لە چاودێریکردنی وردی ئاسمانی وڵاتەکەیان و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بەپێی یاساکانی رووبەڕووبوونەوە.