لاڤرۆڤ: پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی بەردەوامی و درێژکردنەوەی سزاکانی واشنتن دژی مۆسکۆ، "دووبارە روویان لە گرژی کردووەتەوە."
پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پترسبۆرگ گوتی: "پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا دووبارە ئاڵۆز بوونەتەوە، چونکە ئەو سزایانەی ئیدارەی بایدن سەپاندبوونی هێشتا ماون و درێژ دەکرێنەوە، هاوکات سزای نوێش لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە سەپێندراون کە بە تایبەتی کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) و گروپی (رۆس نەفت)یان کردووەتە ئامانج."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەم هەنگاوانە فەرزکردنی هەژموونی ئەمریکایە بەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهاندا، هاوکات گوتیشی: "هەوڵێکی روون هەیە بۆ دوورخستنەوەی ئێمە لەم بازاڕانە، چ لە سربیا بێت یان فەنزوێلا، کە پێشتر هاوکارییەکی ووردمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و هەروەها لەگەڵ چین هەبووە."
مۆسکۆ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، توانای بەرگەگرتنی فشارەکانی ئەو سزایانەی هەیە کە چەند ساڵێکە رۆژئاوا بەسەریدا دەسەپێنێت و بەردەوامیشە لە توندترکردنیان. هەروەها حکوومەتی مۆسکۆ پێی وایە رۆژئاوا بوێری ئەوەی نییە دان بە شکستی سزاکانیدا بنێت، لە کاتێکدا چەندین لایەنی رۆژئاواییش چەندین جار ئاماژەیان بە بێکاریگەری ئەو سزایانە کردووە.
پێشتر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، رایگەیاندبوو سیاسەتی گەمارۆدان و لاوازکردنی رووسیا ستراتیژێکی درێژخایەنی رۆژئاوایە، بەڵام ئەم سزایانە گورزێکی کوشندەیان لە تەواوی ئابووری جیهان وەشاندووە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا دروست کردووە.