ئاڤێستا مام یەحیا: دەستەی وەبەرهێنانی عێراق 21 دۆسیەی گەندەلی لەسەرە

ئەندامێکی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، پەردە لەسەر گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لادەدات کە بڕی 18 ترلیۆن دۆلار و دەستبەسەرداگرتنی 408 کیلۆگرام زێڕ لەخۆدەگرێت.

ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەمموزی 2026، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لیژنەکانی دەستپاکی و هێزە ئەمنییەکان لە 25 رۆژدا 408 کیلۆگرام زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە، تاوەکو ئێستا دەستەی وەبەرهێنانی عێراق 21 دۆسیەی گەندەلی لەسەرە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوو، بەڵام دۆسیەکان لەسەری سەلمێندراون، بۆ نموونە پێنج هەزار دۆنم زەوی لەسەر رێگەی فڕۆکەخانە بە بڕی زیاتر لە 18ترلیۆن دۆلار بە دوو کۆمپانیا دراون، نازانرێت بەچ میکانیزمێک ئەم مۆڵەتدراوە هەروەها چەندین دۆسیەی دیکەشی لەسەر ئاشکرابووە.

ئاڤێستا مام یەحیا باسی ئەوەش دەکات، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان چەندین وەبەرهێنەری لە هەرێمی کوردستان هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێ بردوون، هاوکات ئەمەش یەکێک لە خاڵەکانی نێو دۆسیەکەی.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیش: "پێداچوونەوە بە زۆربەی دۆسیەکانی وەبەرهێناندا دەکرێت و لە تەواوی پارێزگاکانیش بەدواداچوون بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان دەکرێت. هەروەها داوامان کردووە سەیری ئەو پرۆژانە بکەین کە دە ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە، چونکە بەشێکیان تەنیا سەرکاغەزن و کاریان لەسەر نەکراوە."

 بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئاسایش و دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەست پێ کرد، هەروەها لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و کەسایەتیی سیاسی دەستگیر کران.