کام جۆر شێرپەنجە بەئازارترینە و چۆن کۆنتڕۆڵ دەکرێت؟
ئازاری شێرپەنجە یەکێکە لە سەختترین لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە، بەڵام پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە هەرچەندە رەنگە ئازارەکە بە تەواوی بنبڕ نەکرێت، بەڵام دەکرێت لە رێگەی چارەسەری پزیشکی و دەرمانی جیاوازەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ژیانێکی ئارامتر بۆ نەخۆشەکە دابین بکرێت.
بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بۆ ناو ئێسک، بە باوترین جۆری ئازار دادەنرێت. ئەم ئازارە کاتێک دروست دەبێت کە گرێیەکە فشار دەخاتە سەر دەمارەکانی دەوروبەری ئێسکەکە. بە گەورەبوونی قەبارەی گرێیەکە، ماددەی کیمیایی دەردەدات کە دەبێتە هۆی هەوکردن و تێکچوونی ناوچەی دەوروبەری گرێیەکە.
ئاستی ئازارەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و پەیوەستە بە چەند فاکتەرێکەوە، لەوانە:
1- جۆری شێرپەنجەکە.
2- قۆناخی نەخۆشییەکە (ئەوانەی لە قۆناخی 4ـدان زۆرترین ئازاریان هەیە).
3- توانای بەرگەی نەخۆشەکە بۆ ئازار.
فشاری سەر دڕکەپەتک
کاتێک شێرپەنجە بۆ بڕبڕەی پشت بڵاودەبێتەوە، فشار دەخاتە سەر دەمارەکانی دڕکەپەتک، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری توند لە مل و پشتدا، زۆرجار سڕبوون و بێهێزی پەلەکانیشی لەگەڵدایە.
تەنیا نەخۆشییەکە خۆی هۆکاری ئازار نییە، بەڵکو رێکارە پزیشکییەکانیش ئازار دروست دەکەن:
نەشتەرگەری: رەنگە ئازارەکەی بۆ چەند مانگێک و بگرە چەند ساڵێکیش بەردەوام بێت.
چارەسەری تیشکی"Radiation therapy": دەبێتە هۆی ئازارێک کە دوای ماوەیەک نامێنێت.
چارەسەری کیمیایی: دەبێتە هۆی سڕبوون و ئازار لە پەنجەکانی دەست و پێدا.
جۆرەکانی ئازاری شێرپەنجە
پزیشکان ئازاری شێرپەنجە بۆ 3 جۆری سەرەکی پۆلێن دەکەن:
1- ئازاری کتوپڕ (Acute): لە سەرەتاوە زۆر توندە و دواتر بەرەبەرە کەمدەبێتەوە.
2- ئازاری درێژخایەن (Chronic): ئازارێکی بەردەوامە و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، بە دەرمان کۆنتڕۆڵ دەکرێت بەڵام بە تەواوی ون نابێت.
3- ئازاری تێپەڕ (Breakthrough): ئەم جۆرە کتوپڕ پەیدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکە دەرمانی ئازارشکێنی درێژخایەنیش بەکاربهێنێت.
چارەسەرەکان چین؟
پزیشکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئازارانە پەنا دەبەنە بەر چەند رێگەیەک:
دەرمانی ئاسایی: وەک ئەسپرین، پاراسیتامۆڵ و ئایبۆپڕۆفین بۆ ئازارە سووکەکان.
ئۆپیۆیدە لاوازەکان: وەک کۆدایین.
ئۆپیۆیدە بەهێزەکان: وەک مۆرفین و فێنتانیل بۆ ئازارە زۆر توندەکان.
جگە لەمانە، پزیشکان دەرمانی دژە خەمۆکی و ستیرۆیدەکانیش بەکاردەهێنن. هەروەها چارەسەری جێگرەوەی وەک (دەرزی ئاژنین، مەساج، چارەسەری سروشتی و یۆگا) رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کەمکردنەوەی فشار و ئازاری سەر نەخۆشەکان.