عێراقچی بۆ جۆزێف عۆن: لوبنان کارتی فشاری ئێمە نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی جۆزێف عۆنی دایەوە کە تێیدا ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لوبنان وەک کارتی فشار لە گفتوگۆکاندا بەکاردەهێنێت و داوای لێکردبوو دەست لە کاروباری وڵاتەکەی وەرنەدات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "ئەگەر لوبنان کارتی فشار بوایە، زۆر لە مێژە لەگەڵ واشنتن گەیشتبوونە رێککەوتن." ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت وا وێنا بکرێت ئێران لوبنانی داگیرکردووە، بەڵکو دەبێت لوبنان لە "دوژمنە راستەقینەکەی بە(ئاماژە بۆ ئیسرائیل) رزگار بکرێت."
ئەم وەڵامەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، جۆزێف عۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CNN) رایگەیاندبوو: "لوبنان خاکی ئێران نییە و ئەم وڵاتە وڵاتی ئێوە نییە، وڵاتی ئێمەیە، کارووباری ئێوە نییە دەستوەردان لە وڵاتی ئێمەدا بکەن." عەون جەختی کردەوە، حزبوڵڵا نوێنەرایەتی گەلی لوبنان ناکات و دەبێت بڕیارە سیادییەکان لای دەوڵەت بن.
لەلایەکی دیکەوە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، داوای لە ئێران کرد "بەزەییان بە باشووری لوبناندا بێتەوە و وڵاتەکەیان نەکەنە گۆڕەپانی جەنگی وڵاتانی دیکە و سندوقی پۆستە بۆ گۆڕینەوەی نامە سیاسییەکان."
ئەم ئاڵۆزییە هاوکاتە لەگەڵ رەتکردنەوەی پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لەلایەن ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵاوە، کە پێشنیازەکەی بە "سوکایەتی ناوبرد و رەتیکردەوە هێزەکانیان لە باشووری لوبنان بکشێننەوە."