موحسین رەزایی: شەڕ دەستپێبکرێتەوە، جەنگ دەبەینە دەرەوەی کەنداو

له‌ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی CNN، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، ستراتیژییەتی وڵاتەکەی بۆ قۆناخی دوای جەنگ، چارەنووسی گەرووی هورمز و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئاشکرا کرد.

لە چاوپێکەوتنەکەدا موحسین رەزایی راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، رایگەیاند؛ گێڕانەوەی 24 ملیار دۆلارە بلۆککراوەکەی ئێرانی کرد وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی متمانەیە و گوتی: "ئەگەر ترەمپ بیەوێت بگەینە رێککەوتن، ئەم 24 ملیار دۆلارە تاقیکردنەوەی متمانەیە کە دەبێت ئەمریکا لێی دەربچێت، ئەوکات رێگە بۆ ئاسۆیەکی نوێ دەکرێتەوە." جەختیشی کردەوە "ئەمە پارەی خۆمانە نەک پارەی ئەمریکا."

موحسین رەزایی هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران مەیدانی جەنگەکە بۆ دەرەوەی کەنداو فراوان دەکات، بە جۆرێک زەریای هیندی، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بگرێتەوە. گوتیشی: "ئێمە رەهەندێکی نوێ دەدەینە جەنگەکە بە هێرشکردنە سەر ئەو بنکە ئەمریکییانەی کە تا ئێستا هێرشمان نەکردوونەتە سەر."

سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری باڵا، رەزایی ئەو ئەگەرەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەمە روونادات، ئێمە لە قۆناخی سەرەتایی دانوستاندنین و ترەمپ خۆی دانوستانەکانی راگرت."

راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئێران و عومان پێکەوە سەروەرییان بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و بەڕێوەی دەبەن. راشیگەیاند، ئێران "ئێمە لە بەڕێوەبردنی گەرووەکە بەرپرسیارین، بۆیە دەبێت باجی ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکانی ترانزێت وەربگرین؛ بەڵام ئەمریکا دەیەوێت باجی ترانزێتی کەشتیەکان لەسەر گیرفانی خەڵکی ئێران بێت، هەربۆیە داوا دەکات، باج لە هیچ کەشتییەک وەرنەگیرێت."