رووسیا: کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوودمەندی سەرەکین لە داخستنی گەرووی هورمز

بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە رووسیا، رایگەیاند کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا سوودمەندی سەرەکین لە داخستنی گەرووی هورمز؛ هۆشداری دا کە بەردەوامیی گرژییەکان لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا، کە 20%ی نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت، زیانێکی درێژخایەن بە کەرتی نەوت دەگەیەنێت و جیهان بەرەو وزەی جێگرەوە دەبات.

شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، ئیگۆر سێچین، بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە رووسیا، لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی ئابووریی سانت پترسبۆرگ، هەنگاوەکانی ئەمریکای بە هەوڵێک بۆ "دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی بازاڕی وزەی جیهان" وەسف کرد تاوەکو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن بکات.

بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە رووسیا گوتی: "داخستنی گەرووی هورمز راستەوخۆ ئێرانی کردە ئامانج، بەڵام لێکەوتە خراپەکانی هەموو جیهانی گرتەوە، تەنیا کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەبێت کە ئێستا نەوت بە نرخێکی زۆر گران دەفرۆشن."

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی رووسیا، داهاتی باجی نەوت و غازی ئەو وڵاتە لە مانگی ئایاری رابردوودا بە رێژەی 32.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 9.3 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت کە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی کردووە. سێچین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا ناچار بووە هەندێک لە سزاکانی سەر نەوتی رووسیا سووک بکات تاوەکو رێگری لە داڕمانی بازاڕەکانی جیهان بکات.

سەبارەت بە داهاتووی نرخەکان، سێچین گوتی: ئەگەر گەرووی هورمز لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی هەر بەرمیلێک نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 95 بۆ 96 دۆلار، و ساڵی داهاتوو بۆ 80 بۆ 85 دۆلار دابەزێت، تاوەکو لە نیوەی دووەمی 2027دا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەری رووسنەفت لە گوتارەکەیدا، ناوی نابوو "ماڵئاوایی لە سندووقی پاندۆرا"، هۆشداری دا، جیهان بەرەو قەیرانی گەورەی کارەبا، خۆراک، کانزا و ئاو دەچێت. هەروەها رەخنەی لە هاوپەیمانی "ئۆپێک پڵەس" گرت و گوتی: بەهۆی کشانەوەی وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەر، هێزی ئەم هاوپەیمانییە کەم بووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانیان لە 10 ساڵی رابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

سێچین ستایشی سیاسەتەکانی چینی کرد و رایگەیاند، بەژینگ بەهۆی ستراتیژییەتی وردی حکوومەتەکەیەوە، ئامادەترین وڵات بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز و قەیرانی وزە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەری هەیە رێڕەوەکانی تری وەک (باب المندب، مەلەقا و جەبەل تاریق)یش رووبەڕووی مەترسیی پەککەوتن ببنەوە.