شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

بڕیارە سبەی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دارایی و گومرگی، سەردانی شاری بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ کۆببێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: بڕیارە سبەی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی کۆببێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، تەوەری سەرەکیی سەردانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی داهاتی ناوخۆیی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەو بارەیەوە.

هاوکاوت ئەوەشی خستە روو، تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنوورییەکان.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت بۆ رێکخستنی دۆسیە داراییەکان و چارەکردنی کۆسپەکانی بەردەم یەکخستنی سیستمی گومرگی و باج لە نێوان هەردوولادا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبوو.

شاندەکە لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پێکهاتبوون.

دواتر شاندەکە لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەی نەوت و کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێم کۆبوونەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو، زەیدی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە سەرجەم ئەو پێداویستییانە دابین بکەن کە دەبنە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو؛ کە سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، جەختیشی لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش، رەخساندنی ژینگەی لەبار و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە کردبووەوە.