دەنگی تەقینەوە لە نزیک دوورگەی خارگ بیسترا
لە نزیک دوورگەی خارگ تەقینەوە روویدا، ئەمریکا دەڵێت: هێرشمان بۆ سەر رادارەکانی ئێران ئەنجامداوە، ئێرانیش دەڵێت: دەنگی تەقاندنەوەی تەقەمەنی بووە نەک هێرشی مووشەکی.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران، بڵاویانکردەوە کە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری دوورگەی خارگ لە باشووری ئەو وڵاتە بیستراوە، ئاژانسی "تەسنیم" ئاماژەی بەوە کردووە، دەنگەکان پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی تەقاندنەوەی تەقەمەنییەوە هەبووە، بەڵام ئاژانسی "فارس" رایگەیاندووە، شوێنی ورد و سەرچاوەی تەقینەوەکە هێشتا بە تەواوی روون نییە؛ هەرچەندە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تەقینەوەکە لە دەرەوەی دوورگەکە روویدابێت، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە نەوتییەکانی ئێران لە کەنداو.
هاوکات، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی راداری کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی گەرووی هورمز، هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) روونی کردەوە، ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە تاران چەند درۆنێکی بەرەو گەرووی هورمز هەڵداوە.
بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ئەو چوار درۆنەی ئێران ئامانجیان تێکدانی رێڕەوی گەشتیاریی دەریایی بووە لە ناوچەکەدا.
سەرەڕای پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی و راگرتنی جەنگی 3 مانگە بەردەوامن، هەرچەندە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە.
لە پەرەسەندنێکی هاوشێوەدا، میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بە گەیشتنی موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران کرد، ئەم سەردانە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، وەک بەشێک لەو نێوەندگیرییەی ئیسلام ئاباد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەستی پێکردووە.