لە هەولێر مەراسیمی "یاد و وەفا" بۆ شانۆکاری کورد شەماڵ عومەر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی موزیک و کەلەپووری هەولێر، بە مەبەستی رێزلێنان لە ژیان و خزمەتە هونەرییەکانی شانۆکاری کورد شەماڵ عومەر، مەراسیمی تایبەتی "یاد و وەفا"، لە هۆڵی سەفوەت جەڕاح لە هەولێر بەڕێوەچوو.
دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناوی شەماڵ عومەر بە شێوەیەکی تایبەتەوە بە گۆڕانکاری و نوێخوازی لە شانۆی کوردیدا گرێدراوە؛ بە تایبەتی لەو قۆناخەدا کە شانۆکارانی کورد هەوڵیان دەدا لە چوارچێوەی شێوازە باوەکانی نمایش دەربچن و زمان و فۆڕمێکی نوێ بۆ دەربڕینی هونەری بدۆزنەوە."
شاخەوان مستەفا سەبارەت بە بەرهەمە گرنگەکانی شەماڵ عومەر گوتی، "یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەو قۆناخە شانۆنامەی "غۆرێلا"ی نووسەری ئەمریکی یۆژین ئۆنێڵ بووە، کە شەماڵ عومەر دەرهێنانی کردووە و کەریم عوسمانیش رۆڵی سەرەکیی "یانک"ی تێدا بینیوە. ئەم نمایشە لە رووی بەکارهێنانی جەستەی ئەکتەر، سینۆگرافیا و دیدی دەرهێنانەوە، جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ ئەزموونی شانۆیی پێشوودا دروست کردووە و هەنگاوێکی نوێی بەرەو شانۆی مۆدێرن هەڵگرتووە."
شاخەوان باسی لەوەش کرد، "هەروەها شانۆنامەی "رۆژی سێیەم لە چاوەڕوانی گۆدۆ"، یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانە بووە لەو قۆناخەدا بە دەرهێنانی شەماڵ عومەر و بەشداریی فرمێسک مستەفا و نیگار حەسیب پێشکەش کراوە و بە فراوانکردنی تێڕوانینی ئەزموونگەری بۆ شانۆ ناسراوە."
سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی ژیانی ئەو هونەرمەندە، شاخەوان مستەفا دەڵێت، "یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی ژیانی هونەریی شەماڵ عومەر، بەشداریی لە دامەزراندنی "تیپی شانۆی ئەزموونگەریی کوردی" بووە؛ تیپێک لە ساڵی 1987 دامەزرا و بە دروشمی "بەرەو داهێنان و نوێخوازی لە رەوتی شانۆی کوردیدا" دەستی بە کار کرد. شەماڵ عومەر لەگەڵ دانا رەئووف، کەریم عوسمان، نیگار حەسیب و کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکە، لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەم تیپەدا رۆڵی هەبووە. پێش دامەزراندنی تیپەکەش، ئەندامانی گرووپەکە لە رووی تیۆری و پراکتیکییەوە ئامادەکارییان بۆ ئەم جۆرە شانۆیە کردبوو."
بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر گوتیشی، "ئەم تیپە لەو سەردەمەدا هەوڵی دەدا جەستەی ئەکتەر، دەنگ، جووڵە و پەیوەندیی ئەکتەر لەگەڵ بۆشایی شانۆدا بکاتە بەشێکی سەرەکی لە زمانی نمایش، نەک تەنیا پشتبەستن بە دەق و دیالۆگ. ئەم ئاراستەیەش لە روانگەی شانۆکارانی ئەو قۆناخەوە، هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی زمانێکی نوێ و رەسەن بۆ شانۆی کوردی."
شاخەوان باس لە کارەکانی ئەو هونەرمەندە لە ڤیەننا دەکات و دەڵێت، "ئەو لە ڤییەنناش هەر بەردەوام بوو لە توێژینەوە و ئەزموونکردنی شێوازە جیاوازەکانی شانۆ، تا لە ساڵی 1998 لەگەڵ هاوژینەکەی ناوەندی "لالش"یان دامەزراند؛ ناوەندێک بە مەبەستی توێژینەوە لە کولتووری شانۆ و ئەداکاریی هونەری، بە تایبەتی شانۆی ئەزموونگەری و پەیوەندیی نێوان کولتوورەکان، دامەزرا."
شاخەوان باس لە دامەزراندنی ناوەندی لالش دەکات لەلایەن شەماڵ عومەر و دەڵێت، "ناوەندی لالش لە ساڵی 2009، بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کولتووری شاری ڤییەننا، شوێنی تایبەتی خۆی لەو شارەدا کردەوە و بووە ناوەندێک بۆ پێشکەشکردنی نمایش، پڕۆژەی توێژینەوەیی، وۆرکشۆپی هونەری، چالاکییە دەنگی و جەستەییەکان و هاوکاریی لەگەڵ هونەرمەندانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان. ئەم ناوەندە تەنیا شوێنێک بۆ نمایشکردنی شانۆ نەبوو، بەڵکو وەک تاقیگەیەکی هونەری کاریکردووە، تێیدا جەستە، دەنگ، جووڵە، گۆرانی و رێوڕەسمە کولتوورییەکان بوونەتە ماددەی سەرەکی بۆ توێژینەوە و داهێنانی شانۆیی."
شاخەوان مستەفا ئەوەشی روونکردەوە، "کارەکانی ناوەندی لالشیش تەنیا لە نەمسا سنووردار نەبوون، بەڵکو بەشدارییان لە فێستیڤاڵ و چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی شانۆدا کردووە و پڕۆژە هونەرییەکانیان لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، فەڕەنسا، یۆنان، ئێران، میسر، تونس، ئوردن و ژاپۆن پێشکەش کراون."
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کاری شەماڵ عومەر، شاخەوان مستەفا گوتی، "لە تایبەتمەندییەکانی کاری شەماڵ عومەردا، گرنگیدان بە دەنگ و جەستە و رەهەندە کولتوورییەکانی نمایش بووە. ئەو لەگەڵ هاوژینەکەی لە ناوەندی لالشدا، لەسەر چەمکی "شانۆی رێوڕەسمیی ئەزموونگەری" کار و توێژینەوەی کردووە. لە ساڵی 2003، بە تایبەتی کاری لەسەر شێوازی تایبەتی خۆی لە ئەداکاریی رێوڕەسمیی ئەزموونگەری کردووە، کە تێیدا گۆرانی و دەنگ وەک سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی ئەزموونی هونەری بەکاردەهێنرێن."
شاخەوان مستەفا ئاماژەی بەوەش دا، "خزمەتە هونەرییەکانی شەماڵ عومەر و نیگار حەسیب لە رێگەی ناوەندی لالشەوە، تەنیا لە چوارچێوەی چالاکییە ناوخۆییەکاندا نەماونەتەوە، بەڵکو لە ئاستی نەمسا و دەرەوەی ئەو وڵاتەش سەرنجی دامەزراوە هونەرییەکان و ڕەخنەگران وەریانگرتووە و لە ساڵی 2022، ناوەندی لالش خەڵاتی هونەریی نەمسای لە بواری چالاکییە کولتوورییەکاندا وەرگرت؛ خەڵاتێک بۆ کار و خزمەتەکانی ئەم ناوەندە لە بواری توێژینەوەی شانۆ، ئەزموونگەری و پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان بەخشرا."
شەماڵ عومەر، شانۆکار و دەرهێنەر و توێژەری کورد، لە ساڵی 1964 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە سەرەتای گەنجییەوە گرنگییەکی تایبەتی بە شانۆ و ئەزموونکردنی شێوازە نوێیەکانی نمایش داوە و لەگەڵ کۆمەڵێک لە شانۆکارانی ئەو سەردەمەدا هەوڵی داوە شێوازێکی جیاواز لە شانۆی باوی کوردی بخاتەڕوو. ئەو خوێندنی شانۆی لە ئەکادیمیای شانۆی بەغدا تەواو کردووە و دواتر، دوای نیشتەجێبوونی لە نەمسا، خوێندنی لە زانکۆی ڤییەننا لە بواری توێژینەوەی شانۆ و ئەنتڕۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و کولتووری بەردەوام کردووە و بڕوانامەی ماستەری لە بواری فەلسەفە بەدەستهێناوە.
شەماڵ عومەر، لە 21ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2026، لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.