وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ گەیاندنی پەیامێکی گرنگ گەیشتە تاران
درەنگانی شەوی شەممە، موحسن نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران؛ ئامانجی سەردانەکە برەودانە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دروست بووە.
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، نەقەوی لە کاتی گەیشتنیدا رایگەیاندووە "پەیامێکی گرنگ"ی پێیە بۆ تاران و هیوای خواست ئەم هەوڵە ببێتە هۆی پێشکەوتن لە رەوتی گفتوگۆکاندا. بڕیارە وەزیری ناوخۆی پاکستان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران، لەوانەش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە کۆببێتەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ لێکنزیکردنەوەی دیدگای هەردوولا.
پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەم گفتوگۆیانەدا دەردەکەوێت، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ و گۆڕینی ئاگربەستی ئێستا بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا دانوستانەکان بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەی کەنداوەوە پەکیان کەوتبوو.
هەر دوێنێ شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵای ئێران، دانوستانەکانی بە بنەبەست وەسف کرد. رەزایی داوای ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێرانی کردووە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ متمانە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە.
پێشتر و لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی رێکخراوی شەنگهای لە قیرغیزستان، موحسن نەقەوی لەگەڵ ئەسکەندەر موئمنی هاوتای ئێرانی کۆببووەوە و تێیدا وەزارەتی ناوخۆی پاکستان جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردبووەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.