بەهۆی تەقینەوەیەکەوە دوو شوان برینداربوون

مینێکی چێنراو (وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)
مینێکی چێنراو (وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)

دوو شوان بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگی لە کوێستانی بەربزین برینداربوون.

بەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026، دوو شوان بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگی لە کوێستانی بەربزینی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان، بریندار بوون.

تەحسین عوسمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سیدەکان کە دوو بریندارەکەی بۆ گوێزراونەتەوە؛ بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، دۆخی تەندروستیی ئەو بریندارانە جێگیرە و تەنیا چەند پارچە ساچمەیەکی بچووکیان بەرکەوتووە. روونیشی کردەوە، دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتایییان بۆ کراوە، رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە، هەردوو بریندارەکە بە ناوەکانی حەکیم مامەند، تەمەن 31 ساڵ و ئەڤین شێخۆ، تەمەن 21 ساڵ، بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لەو کوێستانە بوون. بەهۆی تەقینەوەی پارچەیەک پاشماوەی جەنگیی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، بریندار بوون.

ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کوێستانەکانی بەربزین لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی ململانێ و شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، بوونەتە مەیدانی دانانی تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان. 

ئەم پاشماوانە هەڕەشەیەکی هەمیشەیین بۆ سەر گیانی گوندنشینان، شوانکاران و ئەو کەسانەی روو لەو ناوچانە دەکەن. ساڵانە چەندین هاووڵاتی لە ئەنجامی بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەم تەقەمەنییانەدا گیان لە دەست دەدەن یان بریندار دەبن.