باجی ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر گیرفانی ئەمریکییەکانە

هەرچەندە ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، بەڵام ململانێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی لەگەڵ ئێران، راستەوخۆ وەک "باجێکی شاراوە" لە گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەردەچێت. راپۆرتە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەربەخۆیی وزەی ئەمریکا نەبووەتە قەڵخانێک بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی ناوخۆ لە بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکان.

رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "Discovery Alert"ی ئوسترالی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجەکەی لەسەر گیرفانی ئەمریکییەکانە.

لە ناو جەرگەی ئەم ململانێیەدا، گەرووی هورمز وەک گرنگترین خاڵی ستراتیژیی دەردەکەوێت. ئەم رێڕەوە ئاوییە کە پانییەکەی لە تەسکترین شوێندا تەنیا 33 کیلۆمەترە، بەرپرسە لە گواستنەوەی پێنجیەکی نەوتی جیهان. هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئەم گەرووە، دەستبەجێ نرخەکان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش وەک "سزایەکی جیۆپۆلەتیکی" لە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتدا رەنگ دەداتەوە.

بۆچی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئەمریکا ناپارێزێت؟

زۆر کەس وا تێدەگەن کە بەهۆی ئاستی بەرزی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوخۆیی، ئەمریکا لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە نەوت کاڵایەکی جیهانییە و نرخەکەی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکرێت. پاڵاوگە ئەمریکییەکان لە کڕینی نەوتدا کێبڕکێ لەگەڵ کڕیارانی جیهانی دەکەن، بۆیە هەر بەرزبوونەوەیەک لە جیهاندا، راستەوخۆ نرخی سووتەمەنی لە وێستگەکانی ئەمریکا بەرز دەکاتەوە.

 کاریگەریی شەڕ لەسەر گیرفانی خێزانەکانی ئەمریکا  

لە کاتی دەسپێکی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران لە مانگی شوباتی رابردوو، نرخی بەنزین لە ئەمریکا تەنیا لە یەک هەفتەدا بە رێژەی 48 سەنت بۆ هەر گالۆنێک بەرزبووەوە. تێکڕای نرخی بەنزین گەیشتە 4.39 دۆلار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای هاوینی 2022ـەوە تۆمار کرابێت.

بەگوێرەی شیکارییەکانی دامەزراوەی "Moody's Analytics"، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ململانێکاندا، هەر خێزانێکی ئەمریکی بە تێکڕا 447.19 دۆلاری زیادەی تەنیا بۆ تێچووی وزە خەرج کردووە. ئەگەر ئەم دۆخە تاوەکو مانگی شوباتی 2027 بەردەوام بێت، رەنگە تێچووی زیادە بۆ هەر خێزانێک بگاتە 2000 دۆلار.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی تەنیا لە وێستگەکانی بەنزین ناوەستێت، بەڵکو وەک زنجیرەیەک کار دەکاتە سەر هەموو سێکتەرەکان کە دیارترینیان بریتین لە:

خۆراک: بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، نرخی کاڵا و خۆراک لە سوپەرمارکێتەکان گران دەبێت.
گەشتە ئاسمانییەکان: سووتەمەنی فڕۆکە 20% بۆ 30%ی تێچووی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی پێکدەهێنێت، ئەمەش نرخی بلیتەکان بەرز دەکاتەوە.
پێداویستییە گشتییەکان: نرخی گازی سروشتی و کارەباش هاوتەریب لەگەڵ بازاڕی نەوت روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەمریکا ناتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داببڕێت تا ئەو کاتەی پشت بە نەوت دەبەستێت. پسپۆڕان پێیان وایە ئەم گرژییانە جارێکی دیکە گرنگیی پەرەپێدانی وزە نوێبووەوەکان دەسەلمێنن، چونکە وزەی خۆر و با، جیاواز لە نەوت، ناکەونە ژێر چاودێریی گەرووی هورمز و ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان.