هۆڵەندا.. تەها ساڵح پێنجەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی کردەوە

تەها ساڵح، پێنجەمین پێشانگەی شێوەکاری و خۆشنووسی خۆی لەژێر ناوی "نووسینەوەی نەگوتراوەکان"، لەشاری ئوترێختی هۆڵەندا کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، تەها ساڵح، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی گوت، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە زیاتر لە تابلۆیەکانی خۆشنوسییە کە تێیدا من هەوڵم داوە پیت و وشە لە چوارچێوەی نووسینەوە بگوازمەوە بۆ ئاستی بەرهەمێکی هونەری تەواو. لە زۆربەی تابلۆکانم دا خۆشنوسی تەنیا وەک نووسین نادیار نەبوو، بەڵکو وەک توخمێکی سەرەکی وێنەکێشان بەکار هاتبوو؛ بەم شێوەیە هەر پیت و هێڵێک بەشێک بوو لە پێکهاتەی گشتی تابلۆکە."

تەها ساڵح گوتیشی، "بەشێکی گرنگی کارەکان لەسەر بنەمای پیتی کوردی و عەرەبی دروست کرابوون و من بە شێوازێکی داهێنەرانە هێڵەکانی نووسین لەگەڵ رەنگ و شێوە جیاوازەکان تێکەڵم کردبوو. لە هەندێک تابلۆدا وشە و دەقەکان وەک جەستەیەکی هونەری دەردەکەوتن و لە هەندێکی دیکەشدا پیتەکان دەبوون بە بەشێک لە دیمەنێکی وێنەیی کە سەرنجی بینەر بۆ وردبوونەوە و لێکدانەوەی واتا و جوانییەکانیان رادەکێشا."

ئەو هونەرمەندە باس لە پەیامی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "پێشانگەکە هەروەها هەڵگری پەیامێکی کولتووری بوو، چونکە زۆرێک لە تابلۆکان لە ژێر کاریگەری میراتی خۆشنوسیی رۆژهەڵاتی و رەسەنایەتی نووسینی کوردی دروست کرابوون. ئەوەش وای کردبوو بەرهەمەکان تەنیا لە رووی جوانکارییەوە گرنگ نەبن، بەڵکو هەڵگری بەشێک لە ناسنامە و مێژووی کولتووری بن."

تەها ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، "لە هەمان کاتدا وۆرکشۆپێکی تایبەتی خۆشنوسی بەڕێوەچوو کە بەشداربووان تێیدا دەرفەتیان هەبوو لە نزیکەوە ئاشنا بن بە بنەما و تەکنیکەکانی ئەم هونەرە، هەروەها چۆنیەتی گواستنەوەی نووسین بۆ شێوەیەکی هونەری فێرببن. ئەم وۆرکشۆپە بووە هۆی دروستکردنی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان من و ئامادەبوواندا."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، تەها ساڵح، هونەرمەندی شێوەکار، پێنجەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی لە ناوەندی کولتووری زیمیک شتێفانۆس لە شاری ئوترێختی هۆڵەندا کردەوە و ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

تەها ساڵح، هونەرمەندی شێوەکار، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی هۆڵەندایە. تا ئێستا چەندین پێشانگەی تایبەتی خۆی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.