کارگەیەکی مێژوویی لە ئاکرێ دۆزرایەوە

شوێنەوارێکی دێرین لە ئاکرێ دۆزرایەوە، مێژووەکەی بۆ 2300 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و لێکۆڵەران.

سەرکەوت عامر، شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم شوێنەوارە یەکێکە لە گرنگترین کارگەکانی دروستکردنی شەراب و زەیتی زەیتوون لە سنوورەکەدا. ئاماژەی بەوە دا، لەم کارگەیەدا نزیکەی 200 بۆ 300 بەردی گوشین و هاڕین دۆزراونەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە بەکار هاتوون.

لە لایەکی دیکەوە، خالید محەممەد، شوێنەوارناس و توێژەر روونیی کردەوە، دۆزینەوەی ئەم کارگەیە گرنگییەکی زۆری بۆ مێژوو و کەلتووری ناوچەکە هەیە. ئەوەشی خستە روو، هەوڵ دەدرێت ئەم شوێنەوارە نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە ناوەندێکی گەشتیاری بۆ ئەوەی خەڵک لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی ناوچەکە ببن.

 بەپێی ئامارەکان، لە ئاکرێ 760 شوێنەواری مێژوویی تۆمار کراون، ئەمەش وای کردووە ناوچەکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان.