ترەمپ: پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەستبەجێ ئازاد ناکرێن
ترەمپ: موجتەبا خامنەیی عاقڵتر و لۆژیکیترە لە چاو رابردوودا
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا نەخشەڕێگای خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ مانگەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند, "سوپای ئێرانیان بە تەواوی وێران کردووە"، هاوکات
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی (Meet the Press) لە کەناڵی NBC رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەمریکا پێکەوە لەگەڵ ئێران کار دەکات بۆ کۆکردنەوە و لەناوبردنی هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، بەڵام هۆشداری دا، "ئەگەر رێکنەکەوین، بە توندترین شێوە هێرشی سەربازییان دەکەینە سەر تاوەکوو خۆمان ماددە ئەتۆمییەکان کۆبکەینەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هەردوولا زۆر نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام ئێران بۆی نییە چەکی ئەتۆمی بەدەستی بهێنێت. هاوکات ترەمپ لەبارەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێرانەوە گوتی: "ئەو گەنجترە و پێم وایە عاقڵتر و لۆژیکیترە لە چاو ڕابردوودا." ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ رێبەری نوێی ئێران گفتوگۆ بکات ئەگەر ئەویش بیەوێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوانیاندا رووی نەداوە.
سەبارەت بە داراییە بلۆککراوەکانی تاران، ترەمپ جەختی کردەوە، هیچ رێککەوتنێکی نوێ نابێتە هۆی ئازادکردنی دەستبەجێی پارەکانی ئێران؛ ئەگەر ئەوان رەفتاریان باش بێت و کارێکی باش بکەن، ئینجا دەست بە قسەکردن لەو بارەیەوە دەکەین."
ترەمپ ستایشی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێرانی کرد و بە "عاقڵتر و زیرەکتر" وەسفی کرد و گوتی ئامادەیە راستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ بکات.
سەبارەت بە دۆخی سەربازی، ترەمپ گوتی: "ئێمە سوپای ئەوانمان بە تەواوی لەناو بردووە، تەنیا 21% بۆ 22%ـی مووشەکەکانیان ماوە." جەختیشی کردەوە کە 50 هەزار سەربازە ئەمریکییەکە لە ناوچەکە دەمێننەوە تاوەکو ئەرکەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.
ترەمپ دانی بەوەدا نا کە فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و پەین کیمیایی بۆ جووتیاران، بەڵام ئەمە باجێکی پێویست بووە بۆ رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی. بەڵێنی ئەوەشی دا کە "بە کۆتاییهاتنی جەنگ، نرخی نەوت وەک بەرد بە خێرایی دادەبەزێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی "زۆر بەهێزی" هەبووە و ئابووریی ئێرانی بە تەواوی پەکخستووە. "ئابووریی ئەوان تێکشکا و سوپاکەیان لە نێو چووە؛ هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و بەرگریی دژە فڕۆکەیان نەماوە." ترەمپ ئاشکرای کرد کە زۆربەی سەرکردە و ژەنەراڵەکانییان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کوژراون.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و گوتی ئەم هەوڵانە لەسەر داوای "کۆمەڵێک کەسی زۆر باش و بەڕێز" بووە، بەتایبەتی ئاماژەی بە پاکستان کرد و باسی لەوە کرد، "پاکستان، بەتایبەت مارشاڵ و سەرۆکوەزیرانەکەیان، رۆڵێکی گرنگیان لەم نێوەندگیرییەدا گێڕاوە."
ترەمپ رایگەیاند، ئێستا ئاگربەستێکی کاتی لە ئارادایە و زۆر نزیکن لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کۆتایی. گوتیشی: "ئێمە زۆر نزیکین لە رێککەوتن، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت، ئەوا بە شێوەیەکی تر ئەرکەکە تەواو دەکەین. لە هەردوو حاڵەتدا ئێمە سەرکەوتووین."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی حزبوڵڵا بە شێوەیەکی زۆر ورد بن، نەک هێرشی گشتگیر؛ گوتیشی: "حەز دەکەم لوبنان ژیانێکی باشتر و سەقامگیرتری هەبێت." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە زاحیەی بەیرووتی بۆردوومان کردەوە و ڕایگەیاند کە وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵڵا دەداتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو داوا ناکات دۆسیەی لوبنان و حزبوڵڵا بکرێتە بەشێک لەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەی کە واشنتن لەگەڵ تاران دەیکات؛ "نەخێر، من مەرجی وا دانانێم. پێم وایە ئێرانییەکان حەز دەکەن ئەو دوو پرسە پێکەوە ببەستنەوە، بەڵام من نامەوێت."
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "توند و ئاڵۆز"ی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبووە و تێیدا ڕەخنەی لە شێوازی هێرشەکانی ئیسرائیل گرتووە لە لوبنان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای کرد و بە "سەرکردەیەکی زۆر باش" وەسفی کرد کە توانیویەتی دۆخی وڵاتەکەی ڕێکبخاتەوە و ڕایگەیاند، "ئێمە دەتوانین پێشنیازی سووریا بکەین وەک نێوەندگیر، چونکە سەرۆکەکەیان حەز دەکات هاوکار بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە لوبنان."
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لەوەتەی دەسپێکردنەوەی جەنگ لە 2ـی ئاداری ڕابردوو، زیاتر لە 3,560 کەس لە لوبنان کوژراون و ژمارەیەکی زۆر باڵەخانە وێران بوون. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل کوژرانی 29 سەرباز و بەڵێندەرێکی مەدەنی لە ناو خاکی لوبنان ڕاگەیاندووە.