رۆیتەرز: واشنتن پارەی بلۆککراوی ئێران دەداتە وڵاتانی کەنداو

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا دارایی و سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران بخاتە بەردەست هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی کەنداو. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە پڕۆسەی بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لە رابردوودا بەر ژێرخانی ئەو وڵاتانە کەوتوون، یان لە داهاتوودا دەکەون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریداوە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران وەک سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو بەکاربهێنێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارە دابینکردنی تێچووی چاککردنەوەی ئەو دامەزراوە ستراتیژییانەیە کە لە ئەنجامی گرژییە سەربازییەکانی ئێرانەوە زیانیان پێدەگات.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، واشنتن تەنیا بیر لە زیانەکانی داهاتوو ناکاتەوە، بەڵکو ئێستا پڕۆسەی خەمڵاندن بۆ زیانەکانی رابردووش دەستی پێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، تیمێکی پسپۆڕی راسپاردووە بۆ ئەوەی بە وردی بڕی ئەو زیانە داراییانە دیاری بکەن کە تاوەکو ئێستا بەهۆی سیاسەت و هێرشەکانی تارانەوە بەر وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا کەوتووە.

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی CNN، هۆشداری دابوو واشنتن ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەمریکا دەچێتە ناو رێڕەوێکی تاریکەوە گوتیشی: "گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست و دەبێت دۆناڵد ترەمپ ئەم بنبەستە بشکێنێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە."

لە چاوپێکەوتنەکەدا موحسین رەزایی راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، رایگەیاندبوو؛ گێڕانەوەی 24 ملیار دۆلارە بلۆککراوەکەی ئێرانی کرد وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی متمانەیە و "ئەگەر ترەمپ بیەوێت بگەینە رێککەوتن، ئەم 24 ملیار دۆلارە تاقیکردنەوەی متمانەیە کە دەبێت ئەمریکا لێی دەربچێت، ئەوکات رێگە بۆ ئاسۆیەکی نوێ دەکرێتەوە."

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار دەکات دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی، و 12 ملیارەکەی تریش لە قۆناخێکی دواتردا، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئازادکردنی ئەو پارانە کارتی فشار لە دەستیان دەربهێنێت.

یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی (Meet the Press) لە کەناڵی NBC سەبارەت بە داراییە بلۆککراوەکانی تاران، رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێکی نوێ نابێتە هۆی ئازادکردنی دەستبەجێی پارەکانی ئێران؛ ئەگەر ئەوان رەفتاریان باش بێت و کارێکی باش بکەن، ئینجا دەست بە قسەکردن لەو بارەیەوە دەکەین."

ئەم پەرەسەندنە نوێیە فشارێکی دارایی قورس دەخاتە سەر تاران، چونکە ئەمریکا دەیەوێت لەبری بەکارهێنانی بودجەی خۆی، پارە سڕکراوەکانی خودی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی نەیارە ناوچەییەکانی تاران بەکاربهێنێت. جێی ئاماژەیە کە بەهۆی جەنگی چەند مانگی رابردووەوە، چەندین دامەزراوەی وزە و بەندەر لە وڵاتانی کەنداو کەوتوونەتە بەر هێرشی ناڕاستەوخۆی گرووپە پاشکۆکانی ئێران، کە زیانی ملیارەها دۆلاریان لێکەوتووەتەوە.