پیت هیگسێت: ئاگربەستێکی کاتی لەگەڵ ئێران هەیە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند، دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران بەردەوامە، هۆشداری دا ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، پێنتاگۆن بە تەواوی ئامادەیە هەر هەنگاوێک بنێت کە پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتی جێهێشتنی شاری پاریس و دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی (D-Day)، جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا ئاگربەستێکی کاتی لەگەڵ ئێران لە ئارادایە. هیگسێت گوتی: " دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بە راشکاوی باسی لەم ئاگربەستە کردووە. هەرچەندە رەنگە هەندێک جار پێشێلکاریی بچووک رووبدەن، بەڵام ئێمە لە دانوستانێکی چالاکداین."

وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند سەرۆکی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تاوەکو رێککەوتنێکی "مەزن" لەگەڵ ئێران واژۆ بکات بۆ بنبڕکردنی هەڕەشە ئەتۆمییەکان.

پیت هیگسێت هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و گوتی: "ئێران نابێت تەقە لە کەشتییەکان بکات. هەر کاتێک ئەو کارە بکەن، ئێمە بەو شێوەیەی لێمان چاوەڕوان دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و وەڵاممان دەبێت."

وەزیری جەنگ ئاشکرای کرد پێنتاگۆن لە ئامادەباشی تەواودایە و "ئێمە لە وەزارەتی جەنگ ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە پێویست بێت تاوەکو دڵنیا بین ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هیگسێت ئاماژەی بە کێشەی کۆچبەران لە ئەوروپا کرد و رەخنەی لە سیاسەتی "کردنەوەی سنوورەکان" گرت و گوتی: ئەوروپا رووبەڕووی لافاوێکی کۆچبەران بووەتەوە و پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە کاریگەریی گەورەی لەسەر سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە دروست کردووە.

ئەم لێدوانانەی هیگسێت لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار و ئەمریکا دەیەوێت بە بەکارهێنانی "دیپلۆماسیی هێز" تاران ناچار بە سازش بکات.