ئێران: ئامادەینە بۆ وەڵامەکانی ئیسرائیل
سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئیسرائیل. ئەو سەرچاوەیە هۆشداری دا کە ئەگەر تەلئەڤیڤ بڕیاری تۆڵەکردنەوە بدات، ئەوا رووبەڕووی شەپۆلێکی مووشەکیی زۆر چڕتر دەبێتەوە کە لیستێکی بەرفراوانتر لە ئامانجە ستراتیژییەکان دەگرێتەوە.
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" رایگەیاند: "مووشەکەکانی ئامادەن بۆ هەڵدان و ئەگەر ئیسرائیل تەنیا یەک وەڵامی هەبێت، دەستبەجێ فەرمانی تەقاندنیان پێدەدرێت."
ئەم سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە قەبارەیەکی زۆر و "گونجاو" لە مووشەکە بالیستییەکان بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون و گوتی: "لەم قۆناغەدا لیستێکی زۆر بەرفراوانتر لە ئامانجەکان لە ناو جەرگەی ئیسرائیل دیاریکراون، کە لە ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکدا دەکرێنە ئامانج."
بەرپرسە سەربازییەکەی تاران جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی داهاتوو جیاواز دەبن و رایگەیاند: "ئەگەر ئیسرائیل هەڵەیەک بکات، قۆناغی داهاتووی هاوێشتنی مووشەکەکانمان زۆر چڕتر و بە قەبارەیەکی گەورەتر دەبێت کە تەلئەڤیڤ توانای بەرپەرچدانەوەی نابێت."
سەرچاوە سەربازییەکە پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئێران بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی بەرفراوان و گشتگیر بە تەواوی ئامادەیە. پێویستە ئەوان ئەم هۆشدارییە بە جددی وەربگرن و یاری بە ئاگر نەکەن."
ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدایە کە ئێران ئەمشەو سێ شەپۆلی مووشەکیی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە وەک تۆڵەی بۆردوومانەکانی لوبنان و کوژرانی سەرکردەکانی میحوەری خۆڕاگری ئەنجامدراون.