نرخی نەوت بە رێژەی 3% بەرزبووەوە

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە یەکەم رۆژی هەفتەدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە. ئەم هەڵکشانە خێرایە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دێت، کە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی نوێ لەبارەی سەقامگیریی هەناردەی وزە لە ناوچەکەدا.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 3.29% بەرزبووەوە و گەیشتە 96.15 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 3.25% ڕووی لە هەڵکشان کرد و گەیشتە 93.48 دۆلار.

ئەم پەرەسەندنە داراییە راستەوخۆ پەیوەندی بەو ئاڵۆزییە سەربازییانەوە هەیە کە یەکشەممە روویاندا، کاتێک تاران زنجیرەیەک مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. هەرچەندە ئیسرائیل رایگەیاند کە زۆربەی مووشەکەکانی تێکشکاندووە، بەڵام ئەمە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای ئاگربەستەکەی 8ی نیسان.

چاودێرانی ئابووری پێیان وایە ئەم هێرشە، کە لە 100ەمین رۆژی جەنگدا ئەنجامدرا، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئاگربەستە لاوازەکەی ناوچەکە و مەترسیی داخستنی یەکجاریی گەرووی هورمزی زیاتر کردووە، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییە لە جیهاندا.