ترەمپ بۆ ئیسرائیل و ئێران: دەستبەجێ هێرشەکانتان رابگرن

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیل و ئێران کردووە و داوایان لێدەکات، دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر رابگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، ترەمپ لە ترووس سۆشیەل پەیامێکی بە پەلەی ئاراستەی ئیسرائیل و ئێران کرد و بە زمانێکی فەرمان پێکردن نووسیویەتی "دەبێت ئیسرائیل و ئێران دەستبەجێ هێرشەکانیان رابگرن".

ئەمە لە کاتێكدایە لە شەوی رابردووەوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران بە هەڵدانی مووشەک، چوار جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوا و ناوەند و باشووری ئێران.

دوای تێپەڕبوونی 60 رۆژ بەسەر ئاگربەستی جەنگ و بێ ئەنجامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە، بەهۆیەوە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتەوە ئاڵۆزی و دڵەڕاوکێ؛ ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داخرایەوە.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، کە ئەمجارە هیچ هەماهەنگییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن " ناتوانرێت کردەوەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا جیا بکرێتەوە"؛ هەربۆیە بڕوایان وایە لەم هێرشەدا ئەمریکا ئاگادارە و هەماهەنگیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە.