پۆلیسی هەولێر: چوار تۆمەتباری کوژرانی منداڵەکەی کۆڕێ دەستگیرکران

رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند کە بەهۆی کێشەیەکی رۆژی پێشتر لە یارییەکی تۆپی پێدا، شەوی رابردوو لە شارەدێی کۆڕێ تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، کاتژمێر 11ی شەوی رێکەوتی 7ی حوزەیرانی 2026، رووداوێکی شەڕ و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن لە شارەدێی کۆڕێ روویداوە. لە ئەنجامی تەقەکاندا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویوتا لاندکرووزەر - رەنگی رەش، زیاتر لە هەشت فیشەکی بەرکەوتووە.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بەداخەوە منداڵێک بەناوی (رۆژین محەمەد عەبدولرەحمان) کە تەمەنی تەنیا چوار ساڵ بووە و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، فیشەکێک بەر قۆڵی لای راستی کەوتووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە کێشەکە رۆژێک پێشتر و لە کاتی یاری تۆپی پێ لە یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن، پاشان لە شەوی دواتردا لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تەقە کراوە.

هێزەکانی پۆلیس توانیان لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەر 4 تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام دەستگیر بکەن، کە پێکهاتوون لە: (م. ف . ک. ح)، (ف.ک.ح)، (ش.ج. ح) و ( ج.ج.ش).

تۆمەتباران بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.