دوای 24 کاتژمێر ئاگرەکەی پێنجوێن کۆنترۆڵ کرا؛ سەدان دۆنم پوش و پاوان سووتاون

دوای 24 کاتژمێر ئاگرەکەی پێنجوێن کۆنترۆڵ کرا
دوای 24 کاتژمێر ئاگرەکەی پێنجوێن کۆنترۆڵ کرا

دوای 24 کاتژمێر لە هەوڵ و ماندووبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو ئاگرە گەورەیەی لە سنووری گوندی کەژانی قەزای پێنجوێن کەوتبووەوە کۆنترۆڵ کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، جەزا مەجید، سەرپەرشتیاری بنکەی بەرگریی شارستانیی پێنجوێن بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووز، تەقینەوەی مینێک لە چیای گوندی کەژان بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک. بەهۆی وشکیی کەشوهەوا و بوونی پوش و پاوان، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی کرد و بوو بە ئاگرێکی گەورە.

سەرپەرشتیاری بەرگری شارستانیی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد، دوای 18 کاتژمێر لە هەوڵی بەردەوام، تیمەکانی بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. 

سەبارەت بە زیانەکانیش، ناوبراو گوتی: "بەهۆی ئاگرەکەوە بەسەدان دۆنم پوش و پاوان سووتاون، هەروەها بەهەزاران دار و درەختی بەتەمەن لەناوچوون و ژمارەیەکی زۆر گیانەوەر و زیندەوەرانی ناو سرووشتەکە گیانیان لەدەستداوە."

جەزا مەجید ئەوەشی خستەروو، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 50 مین لە ناوچەکەدا تەقیونەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئامارەکانی ئاگرکەوتنەوە لەمساڵدا لە قەزای پێنجوێن و هەردوو ناحیەی گەرمک و ناڵپارێز گەیشتووەتە نزیکەی 40 ئاگر، کە سەرجەمیان لەناو ماڵان، شوێنی گشتی، دەشت و چیاکان روویان داوە.