ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: وریای رەفتارەکانت بە، دەنا بەرانبەر ئێران بە تەنیا دەمێنیتەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەردەی لەسەر زنجیرەیەک گفتوگۆی توند و هەستیار لادا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامی داون؛ هۆشداریی داوەتە ناتانیاهۆ کە ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرکێشییە سەربازییەکان، پشتیوانیی واشنتن لەدەست دەدات و لە بەرامبەر تاراندا بە تەنیا دەمێنێتەوە.

دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین ناتانیاهۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتووە: "باشترە زۆر وریای ئەوە بیت کە دەیکەیت، چونکە رەنگە زۆر بەم زووانە لە بەرامبەر ئێراندا بە تەنیا بمێنیتەوە."

ترەمپ وردەکاریی ئەو هێرشەی ئیسرائیلی خستەڕوو کە بەرەبەیانی دوێنێ کرایە سەر ئێران و گوتی، سەرەڕای ئەوەی داوای لە ئیسرائیل کردبوو وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی تاران نەداتەوە، بەڵام تەلئەڤیڤ بڕیاری هێرشەکەی داوە و زۆر درەنگ واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە و ئاماژەی دا، "کاتێک ئاگاداریان کردم، فڕۆکەکان لە رێگەدا بوون بەرەو ئێران. من توانیم دەستوەردان بکەم و قەبارەی هێرشەکە کەم بکەمەوە تاوەکو دۆخەکە بە تەواوی نەتەقێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین وڵاتی ناوچەکە داوای هاوکارییان لێکردووە بۆ رێگری لە جەنگێکی گشتگیر. ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران پەیامی بۆ ناردووە و تێیدا بەڵێنی داوە کە "چیتر هیچ هێرشێکی تر ناکاتە سەر ئیسرائیل" و داوای لە ئەمریکا کردووە ئیسرائیل ناچار بکات هێرشەکانی رابگرێت. ترەمپ گوتی: "پەیوەندیم بە ناتانیاهۆ کرد و توانیم رازی بکەم کە هێرشەکان بوەستێنێت."